ناوەندی ھاوکاری حزبەکانی رۆژھەڵات داوای مانگرتنی سەرتاسەری و خۆپیشاندانی فروان دەکات

ناوەندی ھاوکاری حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان، داوا لە ھاووڵاتیانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەن رۆژی شەممەی داھاتوو لە ناوخۆی وڵات و دەرەوە بەشداری خۆپیشاندان و مانگرتنی سەرتاسەری بکەن.

ناوەندی ھاوکاری حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، خۆپیشاندان و ناڕەزاییە جەماوەرییەکان پێی ناوەتە مانگی دووەمەوە و دەسەڵاتدارانی ئێرانیش توندوتیژییەکانیان دژی خۆپیشاندەران زیاترکردووە و ھەزاران کەسیش دەستگیرکراون.

راشیگەیاندووە، حامید ئیسماعیلیون وتەبێژی ئەنجومەنی بنەماڵەی قوربانییانی فڕۆکە ئۆکرانییەکە، بانگەوازیکردووە بۆ خۆپیشاندانێکی گەورە لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا، ئەوانیش پشتیوانی لە بانگەوازەکە و بەشداریی چالاکانە لەو خۆپیشاندانە دەکەن، داواش لە ھەموو ئێرانییەکان، بەتایبەتی کوردانی نیشتەجێی ئەڵمانیا و ئەوروپا دەکەن بەشێوەیەکی فراوان بەشداری خۆپیشاندانەکە بکەن.

ھەروەھا داوا لەسەرجەم خەڵک لە ئێران و لایەنە سیاسییەکان و ھەڵسوڕاوانی سیاسی و مەدەنی دەکەن ڕۆژی شەممە سەعات ١٢ی نیوەڕۆ لەسەرانسەری ئێران دەست بە مانگرتن و ناڕەزایی بکەن.

پەیوەندیدار