خۆپێشاندان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە

شەوی رابردوو ناڕەزایەتی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێی نایە شەشەمین هەفتە و لە ژمارەیەک شار خۆپێشاندان کرا، لەوانەش سنە، مهاباد، کرماشان، تاران و تەورێز.

لە بەشێکی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، شەوان ناڕەزایەتییەکان دەستپێدەکەن. رۆژی 22-10-2022یش وەکو رۆژانی دیکە، خەڵکی ناڕازی لە بەشێک لە شەقامەکانی شارە ئاماژەپێكراوەکان ئاگریان کردەوە و دژی دەسەڵاتی ئێران دروشمیان دووبارە کردەوە.

ئەوەی کە پەیوەندیی بە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە، لە رۆژانی رابردوودا بەهۆی بڵاوەپێکردنی هێزێکی زۆرەوە خۆپێشاندان کەم بوو، بەڵام شەوی رابردوو لە چەندین شوێنی ئەو شارە خۆپێشاندان بەڕێوەچوو، وەکو تەقتەقان، کەمەربەندی، نەبووەت، نایسەر، شرەک بەهاران.

لە ژمارەیەکی دیکەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش ناڕەزایەتی هەبوو، وەکو کرماشان، مەریوان، بۆکان و مهاباد.

لە ژمارەیەک لە شارەکانی ئێرانیش، سەرەڕای بڵاوەپێکردنی هێزێکی زۆری ئەمنی، خەڵکی ناڕازی چوونەوە سەر شەقام، لەوانەش کەرەج، تاران، مەشهەد، دزفول، ئەراک، ماهشەهر، شیراز و بەندەری کەنگ.

حکومەتی ئێران دەڵێت، ناڕەزایەتییەکان دەستی “دووژمن و نەیارانی تارانی” لەپشتە و ئاماژە بەوەش دەکات، ئێران لە هەموو بوارەکاندا “لە گەشە و پێشکەوتندایە،” بۆیە وەکو خۆی دەڵێت، “دووژمنانی تاران دەیانەوێت ئەم پێشکەوتنە بوەستێنن.” بەڵام خەڵکی ناڕازی دەڵێن، مافە بنچینەییەکانیان پێشێلکراون و ئەوەش هۆکاری خۆپێشاندانیانە.

پەیوەندیدار