سەبارەت بە راگەیاندنی هەڵمەتی نیشتمانی دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەت(قورس و سوك) و كۆكردنەوەیان لەدەستی دەوڵەت و یاسا لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە. مەكتەبی جەماوەرییەكانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان جەخت لە پشتیوانی هەڵمەتێكی لەم جۆرە دەكاتەوەو خواستیەتی هاوڵاتیان و لایەن و دامەزراوەكان هاوكاری سەركەوتنی ئەم هەڵمەتە بن.
لێرەدا دەمانەوێت بۆ پرسێكی وەها گرنگ و هەستیار، هەندێك راستی هەیە وەبیریان بێنینەوە، بەهۆی ئەم چەكە بێ مۆڵەت و بازاڕی بێ كۆنتڕۆڵی چەك فرۆشی، وایكردووە سەدان ژن بكوژرێن، سەدان گەنج و لاو ببنە قوربانی. بۆیە لەپێناو پاراستنی گیانی ژنان و كچان و لاوان و گەنجان پشتیوانی ئەوەین چەك لەدەستی خەڵك نەبێت و یاسا سەروەر بێت.
لەلایەكی دیكەوە پێداگیرین لەسەر ئەوەی لەژێر هیچ ناونیشان و مانشێت و پۆست و پایەو ناوێكدا، جیاوازی نەكرێت لە داماڵین و دەست بەسەرداگرتنی چەكی نایاسایی. بەتایبەت هەموو ئەو گروپ و لایەن و كەسانەی لە پاڵ حیزبە دەست رۆیشتووەكان خاوەنی چەكی قورس وسوكن. بەم بۆنەیەوە دەخوازین نەریتی بەدیاری دابەش كردنی چەكیش لەلایەن بەرپرس و دەسەڵات و حیزبەكانەوە كۆتایی پێ بێت. هاوكات مۆڵەتپێدان و هەڵگرتنی چەك قورس بكرێت و كۆنتڕۆڵی بازاڕی چەك فرۆشی بكرێت لە هەرێمی كوردستان.
بەمافی خۆشمانی دەزانین، بۆ مێژوو باسی ئەوەش بكەین، یەكەمین حیزبی كوردی لەهەرێمی كوردستان، حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان بوو كە فەوج و هێزی سەربازی خۆی تەسلیم بە وەزارەتی پێشمەرگەو ناوخۆ كرد. ئەم هەڵوێستە شایستەی تەكریمەو مێژوو بە سەربەرزیەوە وەك دەستپێشخەری بۆ دەوڵەتمەداری و رێزگرتن لە گیانی هاوڵاتیان و یاسا بۆ حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان تۆماری كردووە.
سەركەوێت بنەماكانی دەوڵەتداری بەبێ جیاوازی و خاترانە.
مەكتەبی جەماوەریەكانی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
24/10/2022




