راگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان

رۆژی ٢٢ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، ئەنجوومەنی گشتی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەوکەدا چەندین پرسی گرنگی عێراقی و کوردستانی و نێوخۆیی تاوتوێ کران.
سەبارەت بە بارودۆخی عێراق کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی درێژەکێشانی قەیرانی سیاسی عێراق کە خۆی دەبینێتەوە لە پێکنەهێنانی کابینەی تازە لە دوای ساڵێک لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران بە هۆکاری ململانێی مەزهەبی و پێداگریی لەسەر پشکپشکێنەی حزبی کە کاریگەریان لەسەر نا سەقامگیری سیاسی و ئابووری و ژیان و گوزەرانی خەڵک داناوە،کە ئەو دۆخە بە بەردەوامی دەرفەتی دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری عێراق رەخساندووە.
پەیوەست بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی دۆخی لێکترازانی نێو ماڵی کوردی و دوایین بڕیاری پەرلەمانی کوردستان لە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەو خوولەی پەرلەمان بە بێ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن بە کێماسیەک بۆ دیموکراسی دەبینێت،بۆیە جارێکی دیکە جەغت لە هەڵویستی پێشومان دەکەینەوە کە جگە لە ململانێی حزبی هیچ بیانوێکی یاسایی بۆ دریژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و خۆدزینەوە لە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نیە، ئەمەشیان هێندەی دیکە متمانەیخەڵک بە پڕۆسەی سیاسی لاواز دەکات، بۆیە دەبێت هەرچی زووە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی هەڵوەستەی لەسەر خرابی ژیانو گوزەورانی خەڵک کرد، لەو بارەیەوە ئۆباڵی گرانی پێداویستیەکانی رۆژانەی خەڵک وەک سوتەمەنی و خۆراک و کۆنتڕۆڵنەکردنی بازاڕ و پاونکردنی خستە ئەستۆی لایەنە پەویوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە پرسە کوردستانییەکان کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی بە نیگەرانیەوە دەڕوانێتە دوا پەرەسەندنەکانی رۆژئاوای کوردستان لەسەرهەڵدانەوەی گروپە تیرۆرستیەکان و بێهەڵوێستی هێزە نێودەوڵەتییەکان و دەستوەردانی بەردەوامی ئیقلیمی لە کاروباری رۆژئاوای کوردستان.
هەروەها رووداوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەشیکی دیکەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی بوون، کۆبوونەوە پشتیوانی خەباتی مەدەنیانەی گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات لە پێناو بەدستهێنانی مافە نەتەوەیی و مەدەنیەکانیان.
دوایین تەوەرەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتی هەڵوەستە بوو لەسەر بارودۆخی نێوخۆیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دوای پێشکەشکردنی راپۆرتی مەکتەبەکانی حزب و وەرگرتنی چەندین بڕیارو راسپاردە کە خزمەت بە تێکۆشانی حزب دەکات، سەرجەم راپۆرتەکان پەسەندکران.

ئەنجوومەنی گشتی
حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٢/١٠/٢٠٢٢

پەیوەندیدار