رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایدەگەیەنێت، لە رێگەی هاککردنی یەکێک لە ئیمێڵەکانی کۆمپانیایەکی سەر بە رێکخراوەکەوە، 100 هەزار نامەی ئەلیکترۆنی دزەیان پێکراوە و ئەمەش دوای ئەوە دێت لەبارەی رێگری خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی وڵاتەکە لەلایەن گروپێکی هاککەرەوە هەڕەشەیان لێ کرابوو.
رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، ناوەرۆکی نامە ئەلیکترۆنییەکان و ئاسایشی پاراستنی ئەلیکترۆنی لەبارەی هەڵکوتانە سەر ئیمەیڵی یەکێک لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی وزەی ئەتۆمی سەرنجی هەموو لایەکی بەلای خۆیدا راکێشا.
دەشڵێت، “دەوڵەتێک” کە پەیوەندیدارە بە سیستمی نامەی ئەلیکترۆنییەوە دزەی کردووەتە ناو سیستمی ئەلیکترۆنی کۆمپانیاکە و ناوەرۆکی بەشێک لە نامە ئەلیکترۆنییەکانی بڵاوکردووەتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، یەکەی تەکنەلۆجیا و زانیاری توانیویانە لە کەمترین ماوەدا بەشێوەیەکی پلان بۆ دانراو رێکاری پێویست بگرنەبەر بە مەبەستی پارێزگاری و لێکۆڵینەوە لە رەهەندە جیاوازەکانی دۆسییەکە و ئەنجامەکەی ئاراستەی بەرپرسانی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانی دەکرێت. هاوکات ناوەڕۆکی نامەکان تایبەت بووە بە بەکارهێنەران و ئاڵوگۆڕی تەکنیکی رۆژانەی باو و “شتێکی گرنگیان تێدانەبووە.”
ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی شەممە 22ـی 10ـی 2022، گرووپی هاککەری بلاک ریوۆرد، 50 گێگابایت بەڵگەنامەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانیان بڵاوکردەوە. دوای ئەوەی رۆژی هەینی 21ـی 10ـی 2022 لە ئیمەیڵێکدا هۆشدارییان بە بەرپرسانی حکومەتی ئێران دا لەبارەی بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک بەڵگەنامە لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە و داوای “ئازادکردنی بەندکراوانی سیاسی لە بەرپرسانی حکومەتی ئێران کردبوو”. هەروەها هۆشداریی دابوو کە ئەگەر داواکارییەکە جێبەجێ نەکرێت، “هەموو ئەو بەڵگەنامانەی هاکی کردوون بڵاویان دەکاتەوە”.