وەزارەتی ناوخۆ : هەڵمەتی داماڵینی چەكی بێ مۆڵەت لە هەرێمی کوردستان دەستپێكرد

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیەندراوێکی لەبارەی هەفتەی جیهانی چەک داماڵین بڵاوکردەوە و داوا لە هاووڵاتییان دەکات، پابەندی رێنماییەکان بن ئەگەر چەکیان لایە لە بنکەکان تۆماری بکەن.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژە بەوەکراوە، لەپێناو کەمکردنەوەی دەرفەتی تاوان و پەنا نەبردن بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان بە توندوتیژی و چەک، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە، بایەخێکی گرنگی بە بابەتی رێکخستنی چەکهەڵگرتن و سنووردارکردنی دیاردەی چەکداری داوە. لەو سۆنگەیەوە یاسای کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان ژمارە 18ی ساڵی 2021 ق یاسای چەک ژمارە 2ی ساڵی 2022 کە پەرلەمانی کوردستان دەرچوون و چەند رێنمایییەک بۆ جێبەجێکردنیان لە وەزارەتی ناوخۆ دەرکراون، ئامانجی ئەو یاسا و رێنمایانە ئەوەیە کە چەکی بێمۆڵەت نەمێنێت و دیاردەی چەکداری سنووردار بکرێت.

وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاندووە، لە هەفتەی جیهانی چەکداماڵیندا کە ساڵانە نەتەوە یەکگرتووەکان لە 24 تا 30 ئۆکتۆبەر بۆ سنووردارکردنی چەکی کۆمەڵکوژ و کێبڕکێی خۆپڕچەککردن لە ئاستی نێودەوڵەتی و رێکخستنی چەک و دیاردەی چەکداری لەناوخۆی وڵاتان بەڕێوەی دەبات، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە هاونیشتمانیان دەکات پێگیری بە رێنماییەکان بکەن و چەکی قورس و جەنگی، ئەگەر لایانە دەستبەجێ بیدەنەوە حکومەت، چوکی ئاگرین ( دەمانچە، کلاشینکۆف و هاوشێوەکانی) لەو بنکانە تۆمار بکەن کە دەستنیشان کراون دەستبەکاردەبن.

وەزارەتی ناوخۆ داواش لە کەناڵەکانی راگەیاندن دەکات، هاوکاریان بکەن و رۆڵی ئەرێنی بگێڕن لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ چەک و لێکەوتەکانی، کە دەرفەتی تاوان و توندوتیژی زیاد دەکات.

پەیوەندیدار