بانکی ناوەندی لە بارەی دابەزینی نرخی دۆلارەوە روونکردنەوە دەدات

پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، لەبارەی دەنگۆی دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، لە راپۆرتێکدا وەڵامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران دەداتەوە و رەتیدەکاتەوە، نیازی دابەزاندنی بەهای دۆلاریان هەبێت.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە: “چەند رۆژێک لەمەوبەر وەک لیژنەی دارایی پەرلەمان، پرسیارمان لە پارێزگاری بانكی ناوەندی كرد، سەبارەت بە دەنگۆی دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار، لە وەڵامدا کە لە دووتوێی راپۆرتێكدا ناردوویانە بانكی ناوەندی جەختدەکاتەوە کە بە نیاز نییە گۆڕانكاری لە بەهای دۆلاردا بکات”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی لەوە کردووە، لە وەڵامی بانکی ناوەندیدا چەند هۆکارێک خراونەتەڕوو بریتین لە:

-نرخی ئێستای دۆلار کۆمەڵێک دەرەنجامی ئەرێنی هەبووە و تاڕادەیەکی باش كورتهێنانی لە بودجەی حکومەت کەمکردووەتەوە، وێڕای ئەوەی حکومەت لەو رێگەیەوە توانیویەتی بەشێك لە قەرزە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیشی بداتەوە.

-گۆڕانكاریكردن لە نرخی دۆلار لە ماوەی لێکنزیکدا ناجێگیری دروستدەکات لە بازاڕی دراو و دەبێتە مایەی بێمتمانەیی بە دینار و دروستکردنی كاریگەریی خراپ لەسەر چالاکی ئابووری و رەوشی وەبەرهێنان و زیادبوونی ناجێگیری بازاڕی دراو.

-دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بۆ بەهێزکردنی توانای کێبڕکێی بەرهەمی خۆماڵی و کەمکردنەوەی خواستە لەسەر هاوردەی بیانی.
د. نەرمین مەعروف، ئاماژەی بەوەشداوە: “سەبارەت بە کاریگەرییە خراپەکانی نرخی ئیستای دۆلار لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك بە تایبەت بۆ كەمدرامەتەكان، بانکی ناوەندی پێیوایە دەکرێت حکومەت لە رێگەی بەخشینی کۆمەک و هاوكاریی بۆ ئەو توێژانە، هەروەها لە رێگەی باشترکردنی کۆبۆنی خۆراک کاربکات، بۆ كەمكردنەوەی لێكەوتەكانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار نەک گێڕانەوەی بۆ نرخە کۆنەکەی”.
ئەمە لە کاتێکدایە، بانکی ناوەندی عێراق لە مانگی کانوونی یەکەمی 2020 بەهای دیناری بەرامبەر دۆلار دابەزاند، کە هەر دۆلارێک بە 1450 دینار لە وەزارەتی دارایی دەکرێت و بە 1460 دینار بە بانکەکانی دەفرۆشێتەوە و بۆ هاووڵاتییان بە 1470 دینار بەردەست دەبێت. بەڵام بەهای دۆلارێک لە بازاڕەکان 1500 دیناری تێپەڕاندووە.

پەیوەندیدار