10 بڕیار لەلایەن كازمییەوە لەبارەی خۆپێشاندانی تشرینییەکانەوە

سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق 10 بڕیار لەبارەی مامەڵەی ھێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خۆپێشاندانەکان دەردەکات، لەوانە رێگری لە بەکارهێنانی گوللە و گازی فرمێسکڕێژ. ئەو بڕیارانە لەکاتێکدایە بڕیارە ئەمڕۆ 25ی تشرینی یەکەمی 2022 ، لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە تشرینیەکان خۆپێشاندان بکەن.

بەگوێرەی نووسراوێک کە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە 24ی تشرینی یەکەمی 2022 ئاڕاستەی ھێزە ئەمنییەکانی کردووە، 10 بڕیاری دەرکردووە لەبارەی مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خۆپێشاندانەکاندا.

لەو بڕیارانەدا هاتووە کە نابێت ھێزە ئەمنییەکان گوللەی ئاسایی و پلاستیکی و بۆمبی فرمێسکڕێژ بەکاربهێنن، ئەگەرنا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. هەروەها نابێت ئەو یەکانەی گۆڕەپانی خۆپێشاندانەکان دەپارێزن، چەکداربن. پێویستیشە دەروازەکانی ئەو گۆڕەپانانە کۆنتڕۆڵ بکەن کە خۆپێشاندانیان تێدا دەکرێت و خۆپێشاندەران بپارێزن.

هەر بەپێی بڕیارەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، دەبێت هێزە ئەمنییەکان یەکەی پشکنین دابنێن بۆ رێگری لە بوونی چەکی نایاسایی و دەستگرتن بەسەریدا لە ئەگەری نزیکبوونەوە لە گۆڕەپانی خۆپێشاندانەکان و دوورکەوتنەوە لە پێکداهەڵپژان لەگەڵ خۆپێشاندەران و کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت پشێوی بێنێنەوە.

بریارە ئەمڕۆ لە سێیەمین ساڵیادی خۆپیشاندانەکانیاندا، تشرینییەکان لە چەند پارێزگایەکی عێراق خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، بەو ھۆیەشەوە بەشێک لە پرد و رێگا سەرەکییەکانی بەغداد داخراون.

بەپێی راگەیەندراوی خۆپیشاندەرانی تشرینییەکان، خۆپیشاندانەکانیان، بەغداد و زیاتر لە 10 پارێزگای تری باشور و ناوەڕاستی عێراق دەگرێتەوە و چەندین دروشم بەرز دەکەنەوە، کە یەکێکیان رەتکردنەوەی حکومەتەکەی “محەمەد شیاع سودانی”یە کە ھێشتا پێکنەھێندراوە.

ھەر بەھۆی ئەو خۆپیشاندانانەوە، سەرچاوە ئەمنییەکان رایانگەیاندووە، زۆرینەی شەقامەکانی نزیک گۆڕەپانی تەحریر داخراون، لەنێویاندا پردی سنک و کۆماری. ھەروەھا شەقامی کۆماری کە دەچێتە سەر گۆڕەپانی خەلانی و دەروازەی ناوچەی سەوز بە ئاڕاستەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری داخراون.

ئەو خۆپیشاندانە ھاوکات دەبێت لەگەڵ سێیەمین ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی 25ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019، کە زیاتر لە ساڵێکی خایاند و بەھۆیەوە زیاتر لە 700 کەس کوژران و زیاتر لە 20 ھەزار کەسیش برینداربوون، تائێستاش بکوژانی ئەو خۆپیشاندەرانە بە سزا نەگەیەندراون.

پەیوەندیدار