لە چلەی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە شارەکانی رۆژھەڵات و ئێران ھاووڵاتیان دەچنە سەر گۆڕی شەھیدان و دواتریش خۆپیشاندان دەکەن، لە شاری سەقزیش سەرەڕای رێوشوێنی توندی ھێزە ئەمنییەکانی ھاووڵاتیان بە پێ دەچنە سەر گۆڕی ژینا ئەمینی ، هەروەها دەسەڵاتدارانی شاری سەقز سەرجەم رێگاو دەروازەكانیان تا تەواوبوونی چلەی ژینا ئەمینی داخستووە بەپێی راگەیەندراوەكەی رێكخراوی هەنگاو رێگا گرتنە لەوەی خەڵك نەتوانن لە شارەكانی ترەوە سەردانی شاری سەقز نەكەن خۆپیشاندانی بەرفراوانی خەڵكی لێنەكەوێتەوە.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سەرەڕای رێوشوێنی توندی ھێزە ئەمنییەکان و گەمارۆدانی گۆڕەپانەکان، خەڵکی سەقز بە پێ بەرەو گۆڕستانی ئایچی ئەو شارە دەچن تاکو بەشداری لە چلەی ژینا ئەمینی بکەن.
میدیاکانی ئێرانیش لە زاری بنەماڵەی ژینا ئەمینییەوە راگەیەنراوێکیان بڵاوکردووەتەوە کە گوایە بە لەبەرچاوگرتنی رەوشمی ئەمنی و روونەدانی ھیچ کێشەیەک رێورەسمی چلە بۆ کچەکەیان رێکناخەن.
ھەروەھا ناوەندی ھاوکاری حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان داوایان لە خەڵکی رۆژھەڵات و ئێران کردووە ئەمڕۆ رێورەسمی رێزلێنان لەسەر گۆڕی شەھیدان رێکبخەن و لەدوانیوەڕۆشدا برژێنە سەر شەقامەکان و بە وتنەوەی دروشمی ( ژن، ژیان، ئازادی) داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوانی خۆپیشاندانەکان بکەن.
٤٠ رۆژ لەمەوبەر ژینا ئەمینی کچە کوردی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی شاری سەقز دوای سێ رۆژ لە دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی شاری تاران لە ١٦ی مانگی رابردوو لە نەخۆشخانەیەکی ئەو شارە گیانی لەدەستدا، ئەوەش توڕەیی و ناڕەزایی دانیشتوانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران لێکەوتەوە، بە پێی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تائێستا ٢٣٤ کەس گیانیانلەدەستداوە کە ٢٩یان منداڵن و ھەزاران کەسی تریش دەستگیرکراون.