رۆژهەڵاتی کوردستان؛ خۆپیشاندان درێژەی هەیە، دوو هاونیشتمانی دیكە کوژران

لە خۆپێشاندانەکانی شەوی رابردوودا دوو هاونیشتمانیی رۆژهەڵاتی کوردستان لە شارەکانی مهاباد و سنە گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش بریندار بوون. خۆپێشاندانەکان لە 15 شاری رۆژهەڵاتی کوردستان گرژییان تێکەوت.

لە خۆپێشاندانەکانی شەوی رابردوودا لە مهاباد هاونیشتمانییەکی 35 ساڵ بەناوی ئیسماعیل مەعرووفی، ناسراو بە سمکۆ، گیانی لەدەستدا. بەگوێری ئەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، خۆپێشاندەران و کەسوکارەکەی دوای پێکران و گیانلەدەستدانی، تەرمی ئیسماعیل بە دروشمی “شەهید نامرێ” دەبەنە یەکێک لە مزگەوتەکانی شارەکە.

بەیانیی ئەمڕۆش دوای ئەنجامدانی رێوڕەسمە ئایینییەکان بە دروشمی ” کوردستان، کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان” و “شەهید نامرێ” لە گۆڕستانی بوداغ سوڵتان لە مهاباد بەخاکسپێردرا. ئیسماعیل مەولوودی خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.

هەروەها رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاندووە، گەنجێکی 21 ساڵان بەناوی محەممەد شەریعەتی لە خۆپێشاندانەکانی شەوی رابردوو لە شاری سنە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانی لەدەستداوە. محەممەد شەریعەتی خەڵکی گوندی سیاناو لە ناوچەی موچژە.

سەرچاوە خۆجێییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن، شەوی رابردوو لە شارەکانی کرماشان، ورمێ، سنە، مهاباد، ئیلام، بۆکان، سەقز، کامێران، قەسری شیرن، خوررەمئاوا، بروجێرد، مەریوان، قوڕوە و چەند شوێنێکی دیکە خۆپێشاندانەکان گرژییان لێکەوتووەتەوە و بەهۆیەوە جگە لە گیانلەدەستدانی ئەو دوو هاونیشتمانییە، دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.

لە ژمارەیەک لە شارەکان خەڵک ئاڵای کوردستانیان بەرز کردەوە؛ هەروەها لە قەسری شیرین بانکێک لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە سووتێنرا.

پەیوەندیدار