لێکۆڵەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان: کورد لە ئێران لە مافە بنچینەییەکانی بێ بەش کراوە

“کورد لە ئێران مافی نییە” بۆ یەکەمین جار لەنێو بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەن بەرپرسێکی فەرمییەوە رادەگەیەندرێت. لێکۆڵەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتی فەرمی بە بەڵگە و زانیارییەوە ئاماژەی پێدەکات.

جاوید رەحمان، لێکۆڵەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان وتی، “کورد لە مێژوودا و لە ئێستاشدا مافە بنەڕەتییەکانیان پێنەدراوە. کورد لە ئێران زۆر مافیان لێسەندراوەتەوە، لەوانە مافی ناسنامە، مافی زمان، مافی بوونی نوێنەرایەتیی خۆیان و مافی ئازادیی دەربڕین. لەبەر ئەوەیە لە پارێزگا کوردییەکان خۆپێشاندانی زۆر هەن.”

ئەو بەرپرسە باڵایەی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، داوای دامەزراندنی میکانیزمێکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتنی خۆپێشاندەران لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.

جاوید رەحمان، لێکۆڵەرێکی سەربەخۆی سەر بە کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکانە. لەگەڵ ئەوەی راپۆرتەکانی قورسایی خۆی هەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەڵام لە مەیدانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا کاریگەری راپۆرتی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ ناگاتە نیوەی کاریگەریی هەڵوێستی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. لە کاتێکدا ئەنجوومەنی ئاسایش بەهۆی ڤیتۆی رووسیا ناتوانێت هیچ هەنگاوێک لە دژی ئێران بنێت، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە هیچ نەبێت بە روونی سەرکۆنەی کوشتنی سیستماتیکی سەدان هاونیشتمانیی کوردستانی و هاووڵاتیی ئێرانی بکات.

پەیوەندیدار