دواین زانیاری لەبارەی تەقینەوەكەی شەوی رابردووی بەغدا

یونامی داوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە رووداوەکەی شەوی رابردووی بەغدا دەکات کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 9 کەس و برینداربوونی 13 کەسی دیکە.

بەرەبەیانی رۆژی 30ی تشرینی یەکەمی 2022 نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، ناسراو بە یونامی لە تویتێکدا گوتی، “لێکۆڵینەوەیەکی ورد پێویستە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری پشت ئەم جۆرە رووداوە کارەساتبارە بە مەبەستی لێپێچینەوە و پێشپێگرتن” لە رووداوی هاوشێوە.

رێکخراوەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرەخۆشی لە خێزانی قوربانیانی تەقینەوەی تانکەرەکەی نزیک یاریگەی بەغدا کرد و هیوای چاکبوونەوەشی بۆ برینداران خواستووە.

ئێوارەی رۆژی شەممە، 29ی تشرینی یەکەمی 2022 لە ناوچەی بنوکی رۆژھەڵاتی بەغدا تانکەرێک کە گازی خواردنەوە گازییەکانی دەگواستەوە تەقییەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستیکردەوە کە 9 کەس بەهۆی تەقینەوەکەوە گیانیان لەدەستداوە و 13 کەسی دیکەش بریندار بوون.

شەوی رابردوو، فەریق رووکن ئەحمەد سەلیم، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا رایگەیاند، رووداوەکە لە گەراجی وەستانی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگران کاتژمێر 09:00ی شەو لەنزیک یاریگەیەکی تۆپی پێ روویداوە، بەڵام تا ئێستا هۆکاری تەقینەوەکە دیار نییە.

پەیوەندیدار