بەپێی ئامارێكی كۆمپانیای سۆمۆی تایبەت بە بازاڕكردنی نەوتی عیراق، داهاتی 9 مانگی نەوت زیاتر بووە لە 90 ملیار دۆلار، لەكاتێكدا ساڵی 2021 داهات نزیكەی 53 ملیار بووە.
كۆمپانیای سۆمۆ بڵاویكردووەتەوە، داهاتی نەوتی عیراق كە لە ماوەی 9 مانگی ساڵی 2022دا فرۆشراوە، 90 ملیار و 388 ملیۆن و 786 هەزار و 336 دۆلار بووە، بە تێكڕای مانگانەی زیاتر لە 10 ملیار دۆلار.
ئەوەش هاتووە، داهات لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژی 70.6% زیادی كردووە، چونكە ساڵی رابردوو داهات زیاتر بووە لە 52 ملیار و 981 ملیۆن دۆلار، واتا بۆ هەر مانگێك زیاتر لە 5 ملیار و 886 ملیۆن.
كۆمپانیای سۆمۆ جەختی لەوەش كردووەتەوە، زۆرترین داهات لە مانگی ئایاردا بووە كە زیاتر بووە لە 11 ملیار و 477 ملیۆن دۆلار، كەمترینیش لە مانگی كانونی دووەم بووە كە زیاتر بووە لە 8 ملیار و 322 ملیۆن دۆلار.