لولا دا سیلڤا بە سەرۆکی بەڕازیل هەڵبژێردرایەوە

سەرۆکی پێشووتری بەڕازیل، لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی وڵاتەکەیدا بە بەدەستهێنانی سەدا ٥٠،٨٣ی دەنگەکان، سەرکەوتنی بەدەست هێنا.

بەپێی ئەنجامی ئەو دەنگانەی جیاکراونەتەوە کە دادگای باڵای هەڵبژرادنی بەڕازیل رایگەیاندووە و سەدا ٩٨،٩ی سندوقەکان کراونەتەوە، لولا دا سیلڤا بە بەدەستهێنانی سەدا ٥٠،٨٣ی دەنگەکان توانیوێتی بەسەر رکابەرەکەی سەرۆکی ئێستا، جایر بۆلسۆنارۆ کە سەدا ٤٩،١٧ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە سەرکەوێت، بەمەیش لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا بە سەرۆکی بەڕازیل هەڵبژێردرایەوە.

دادگاکە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی لە ماڵپەڕی خۆیدا بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە هەڵبژاردنەکە لەبواری بیرکارییدا تەواوبووە و ئەو سندوقانەی نەکراونەتەوە کاریگەرییان لەسەر ئەنجامەکە نابێت.

لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا کە پێشتر دوو خول سەرۆکایەتی بەڕازیلی بەڕێوەبردووە، بە کەمتر لە لەسەدا دوو دەنگی زیاتر بەسەر رکابەرەکەیدا سەرکەوت.
لولا دا سیلڤا دوای راگەیاندنی ئەنجامەکەکان لە هەژماری خۆی لە تویتەر ئاڵای بەڕازیلی بە نووسراوی ”دیموکراسیی” بڵاوکردەوە.

لولا لە یەکی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣دا، پۆستی سەرۆکی بەڕازیل لە بۆلسۆنارۆ وەردەگرێت.

لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا-ی تەمەن ٧٧ ساڵ کە لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ساڵی ٢٠١٠ بۆ ماوەی دوو خول سەرۆکی بەڕازیل بووە، بەهۆی ئەو دۆسیانەی گەندەڵییەوە کە لەسەری کراونەتەوە، ساڵێک و شەش مانگ زیندانی کرا، دوای ئەوەی دۆسیەکانی یەکلابووەوە و داخران، سەرلەنوێ بەشداری لە کێبڕکێی سەرۆکایەتییدا کردەوە.

لولا دا سیلڤا کە یەکەم سەرۆکی پارتی کرێکارانە لە رێگەی هاوکاری کۆمەڵایەتییەوە نزیکەی ٣٠ ملیۆن بەڕازیلی لە هەژاری رزگار کرد و خۆشەویستی بەڕازیلییەکانی بەدەست هێنا.

پەیوەندیدار