لە وەڵامی راپۆرتە هەواڵگرییەکەی سعودیە کە لەگەڵ ئەمریکا هاوبەشی پێکردووە و گوایە ئێران بەنیازە بۆ پەردەپۆشکردنی خۆپێشاندانەکانی نێوخۆی وڵاتەکە هێرشبکاتە سەر هەولێر و سعودیە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، درێخی ناکەن لە بەرگریکردن لە بەرژوەندییەکانیان و هاوبەشەکانیان لە ناوچەکە.
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، “نیگەرانین لە وێنەی هەڕەشەکان” و ئەوەشی گوت کە “بەردەوام لە رێگەی کەناڵە سەربازی، دیپلۆماسی و هەواڵگرییەکانمان لەگەڵ سعودیە” لەسەر هێڵن تاوەکو بتوانن بەرپەرچی هەر هێرشێکی لەمجۆرە بدەنەوە.
نێد پرایس وەکو جەختکردنەوەیەک لە ئەگەری هێرشی ئێران بۆسەر سعودیە و هەولێر دەڵێت، “ئەگەر ئێمە زانیاریی وردمان هەبێت، متمانەپێکراوبێت، بەڕاستی هەڕەشە بۆسەر هاووڵاتییانی ئەمریکی دروستبکات، بەدڵنیاییەوە ئێمە لەژێر ئەو سیاسەتەوە شوێن هەموو پابەندیێکمان دەکەوین.”
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی رۆژی سێشەممە، 1-11-2022، هەواڵێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە: بەرپرسانی ئەمریکا و سعودیە هۆشدارییەکەیان بە جیدی وەرگرتووە و هەربۆیەش هەردوو وڵات و هەندێک وڵاتی دیکەی ناوچەکە ئاستی هۆشدارییان بۆ هێزە سەربازییەکانیان لە ناوچەکەدا بەرزکردووەتەوە.
وەک وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت، بەرپرسانی سعودیە رایانگەیاندووە، ئێران نیازی هەیە هێرش بکاتە سەر چەند ئامانجێکی نێو وڵاتەکەی و هەولێر، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ دوورخستنەوەی ئەو سەرنجەی لەسەر خۆپێشاندانەکانی نێوخۆی وڵاتەکەی هەیە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت، لەو هۆشدارییە نیگەرانە و ئامادەیە وەڵام بداتەوە، ئەگەر هاتوو ئێران هێرشەکەی ئەنجامدا. گوتەبێژێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لەوبارەوە بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە: “لە هەڕەشەکە نیگەرانین و لە پەیوەندیی بەردەوامیشداین لەگەڵ سعودیە لە رێگەی ناوەندە سەربازی و هەواڵگرییەکانمانەوە. دوودڵ نابین لە کاردانەوە بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندییەکانمان و هاوبەشەکانمان لە ناوچەکەدا.