پارەی گەنمی 2014ی جووتیاران گەیشتە هەرێمی کوردستان

پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2014 گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان و چووەتە سەر حیسابی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، بڕیاروایە هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی بکرێت.

پارەکە بۆ ساڵی 2014یە و بڕەکەی 37 ملیار دینارە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە کۆی گشتی ئەو پارەیەی وەکو قەرزی ساڵانی 2014، 2015 و 2016 لای بەغد ماوە و هێشتا بە تەواوەتی نەگەیشتووەتە دەست جووتیارانی هەرێمی کوردستان، 309 ملیار دینارە.

نەوزاد کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رايگەیاند، “ماوەیەکی زۆرە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵ بوون بۆئەوەی ئەو پارەیەی لای حکومەتی عێراقی بوو، وەربگیرێتەوە. بە خۆشحاڵییەوە لە مانگی رابردوودا ئەو بڕیارە درا و هەموو ئەو رێکار و بەربەستانەی کە لە بەردەمیدا هەبوو بۆ نەناردنی پارەکە، کۆتایی پێهات و بڕیاردرا ئەو پارەیە بنێرن.. دوێنێ [چوارشەممە 02-11-2022] ئەو بڕە پارەیەی ساڵی 2014 کە 37 ملیار دینارە گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان.”

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، “لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردنی [ئەو پارەیە] دەکرێت، بە دڵنیاییەوە دوای تەواوبوونی شایستەکانی 2014، شایستەی 2015 و پاشان 2016شی بەدوادا دێت، هیچ گرفت و کێشەیەکی تەکنیکی و کارگێڕی و دارایی نەماوە بۆئەوەی خەرج نەکرێت.”

بڕیارە لە داهاتوودا شایستەی جووتیاران بۆ ساڵەکانی 2015 و 2016 قۆناخ بە قۆناخ بنێردرێت.

پەیوەندیدار