کەمتر لە پێنج کاتژمێر بخەویت چی بەسەر جەستەت دێت

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانستیی، ئەو کەسانەی شەوانە پێنج کاتژمێر یان کەمتر دەخەون لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا مەترسیی تەندروستی لێدەکەوێتەوە و ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشیی درێژخایەن زیاد دەکات.

توێژەران لێکۆڵینەوەیان لەسەر هەشت هەزار خەڵکی بەریتانی کردووە ئەوانەی تەمەنیان لە ٢٥ ساڵ بەرەو سەرەوەبووە و شەوانە پێنج کاتژمێر یان کەمتر لەو کاتە دەخەون، ئەوا لە تەمەنی ٥٠ بۆ ٧٠ ساڵیدا توشی نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەبن وەک نەخۆشییەکانی دڵ و سوڕی خوێن و شەکرە و بەرزە پەستانی خوێن.

توێژینەوەکە لە رۆژنامەیPLOSی پزیشکی بڵاوکراوەتەوە و توێژەرانی زانکۆی کۆلێژی لەندەن و زانکۆی پاریس ئەنجامیان داوە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی شەوانە کەمتر لە پێنج کاتژمێر دەخەون ئەوا لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا لە ٪٣٠ ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان زیاتر دەبێت بە بەراورد بەو کەسانەی شەوانە حەوت کاتژمێر دەخەون.
سەڤەرین سابیا پزیشکی پسپۆڕ لە توێژینەوەکەدا بە واشنتن پۆستی وتووە “ئەو کەسانەی لە گەنجیدا شەوان کەمتر لە پێنج کاتژمێر دەخەون لە تەمەنی ٥٠ بۆ ٧٠ ساڵیدا مەترسیی تەندروستیی گەورەیان لەسەرە، خووەکانی خەوتن کاریگەریی لەسەر لایەنی دەروونیی و تەندروستیی دەبێت”.

ئامادەكردنی : چیا جەمال

پەیوەندیدار