پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا داوای پاککردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەکەن، گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیاش دەڵێت، 200 ھەزار “بیانی” کە عێراقیان لە ناودایە، ناویان لە تۆماری ھەڵبژارندا تۆمار کراوە.
پارتی گەلی کۆماری-جەھەپە، کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە رایگەیاند، لانی کەم 200 ھەزار کەسی سوریا و عێراق و لیبیا و ئەفغانستان، بەشداری ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی تورکیا دەکەن و دەنگ بۆ پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکەپەی دەسەڵاتدار دەدەن.
جەھەپە راشیگەیاند، ھەوڵ دەدەن پڕۆژە یاسایەک لە پەرلەمان تێبپەڕێنن، بۆ رێگریکردن لە دەنگدانی ئەو کەسانەی بەم دواییە رەگەزنامەی تورکیایان بەدەستھێناوە، بەڵام تێپەڕینی ئەو پڕۆژە یاسایە ئاسان نابێت، چونکە ئاکەپە و مەھەپەی ھاوپەیمانی زۆرینەی پەرلەمانی تورکیایان بەدەستەوەیە.
بڕیاروایە ناوەڕاستی ساڵی داھاتوو ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی و پەرلەمانیی تورکیا بەڕێوەبچێت، بەپێی راپرسییەکانیش دەنگی پارتی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، بە رێژەیەکی بەرچاوو کەم دەبێتەوە.