نرخی هەر ئەمپێرێكی كارەبای مۆلیدە لە هەولێر بۆ مانگی پێشوو لە نێوان 11 بۆ 12 هەزار و 500 دینارە، بەرپرسی مۆلیدە ئەهلییەكانیش ئاماژە بەوە دەكات کە لە هەولێر مۆلیدە کارەبای زیاتریان داوە، بۆیە نرخەکەی زیاتر بووە.
ئەندازیار قارەمان مەولوود، لێپرسراوی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر، ڕایگەیاند: “نرخ و کرێی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بۆ مانگی 10 بۆ هەر ئەمپێرێك لە نێوان 11 هەزار بۆ 12 هەزار و500 دینارە”.
کرێی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بۆ مانگی 9 بۆ هەر ئەمپێرێك لە نێوان 16 هەزار بۆ 18 هەزار دینار بوو.
لێپرسراوی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر، ئاماژەی بەوەش دا، له مانگی 10 بە تێكڕا مۆلیدەكانی هەولێر 219 كاتژمێر كارەبایان داوە.
قارەمان مەولوود دووپاتی کردوەوە، كارەبای نیشتمانی لە سلێمانی زیاتر بووە و گوتیشی: “لە سلێمانی مۆلیدە کەمتر پێ کراوە و کارەبای نیشتمانییش زیاتر دراوە، بۆیه پارەیان کەمتر بووە، لە هەولێر 40 بۆ 50 کاتژمێر زیاتر مۆلیدە دراوە.”
لە ڕاگەیاندراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بڵاوی کردەوە: “نرخی یەك ئەمپێر كارهبای مانگی 9 لە نێوان حەوت بۆ نۆ ههزار دینارە و مۆلیدەکان 130 بۆ 155 کاتژمێر کارەبایان داوە.”