ئاسایشی سلێمانی ئاشكرای كرد، لە سنوریی ناحیەی سەنگاو كۆتاییان بە گروپێكی رێكخراوی داعش هێناوە كە پلانیان بۆ كردەوەی تیرۆرستی داڕشتووە.
ئاسایشی سلێمانی بڵاویكردووەتەوە، پاڵپشت بە زانیاری پێشوەختەی هێزەكانیان گروپێكی تیرۆرستی داعش دزەیان كردبووە ناوچەكانی سنوری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی، پاش گەیشتنیان بەسنوری ناحیەی سەنگاوی سەربە قەزای چەمچەماڵ، پیلانیان داڕشتبوو چەندین كردەوەی تیرۆرستی ئەنجام بدەن.
ئەوەش هاتووە، پێش ئەوەی دەستبكەن بەجێبەجێكردنی پیلانەكانیان، زانیاری ورد و دروست گەیشتە دەست هێزەكانیان، پاش وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری دادگای لێكۆڵینەوە شەوی 6/11/2022 لەنزیك گوندی كچانی ناحیەی سەنگاو لەلایەن هێزەكانیان لە ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی بە هاوكاری هێزی ئۆپراسیۆنی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ئەو گروپە تیرۆرستیە حەسركران، پاش روبەڕوبوونەوە و شەڕ بۆماوەی 30 خولەك، دوو لەچەكدارەكانی گروپەكەی داعش كوژران و كەسێكی دیكەشیان بەبرینداری دەستگیر كرا.
ئاسایشی سلێمانی ئاشكراشی كردووە، دواتر سەرجەم سنورەكەش خرایە ژێر چاودێری و كۆنترۆڵی هێزەكانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە، چاوەڕوانی زانیاری زیاتربن بە بەڵگە و دۆكۆمێنت و راپۆرتی ڤیدیۆیی.