پەرلەمانی عێراق چەند پڕۆژە یاسایەك تاوتوێدەكات

ئەمڕۆ 8ی تشرینی یەکەمی 2022 پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ سێ پڕۆژەیاسا دەکات و دەنگ لەسەر درێژکردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی گومرگ و باجی سەر خۆراکیش دەدات.

بەگوێرەی خشتەی کاری کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کە فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمان بڵاوی کردووەتەوە، کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ لە پێنج بڕگە پێکدێت، سەرەکیترینیان دەنگدان دەبێت لەسەر بڕیاری درێژکردنەوەی لێخۆشبوونی گومرگ و باج لەسەر خۆراک.

بەگوێرەی بڕیاری ژمارە 72ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە لە 15ی ئاداری 2022 دەریکرد، گومرگ و باجی سەرخۆراکی بنەڕەتی هاوردەکراو هەڵگیرا، ئەمەش بەمەبەستی رێگری لە گرانبوونی نرخی خۆراک. ئەو بڕیارە بۆ ماوەی سێ مانگە و لەگەڵ کۆتایی هەموو وادە سێ مانگییەکاندا بڕیارەکە نوێ دەکرێتەوە.

لە خشتەی کاری پەرلەمان هاتووە، خوێندنەوەی دووەم بۆ سێ پڕۆژەیاسا دەکرێت کە بریتین لە: پڕۆژەیاساکانی جەژنی نیشتمانی، هەمواری یەکەمی یاسای چاودێری خاوەن پێداویستی تایبەت، بیمەی کۆمەڵایەتی و خانەشینی کار.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیار بووە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای “خزمەتی ئاڵا” بکرێت، کە بە یاسای “سەربازیی ناچار” ناسراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان بەشێک لە فراکسیۆنەکان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە ئەو پرسە نەخراوەتە خشتەی کارەوە.

بەگوێرەی رەشنووسی پڕۆژەیاسای خزمەتی ئاڵا، سەربازیی ناچار بۆ ئەو کەسانەی بڕوانامەیان نییە 18 مانگ دەبێت و بۆ ئەوانەی قۆناخی ئامادەییان تەواوکردووە، 12 مانگە و کەمترین ماوە سێ مانگە، کە بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆرایە.

پەیوەندیدار