ئەمریکا باری نائاسایی تایبەت بە ئێرانی بۆ ماوەی یەک ساڵی تر درێژکردەوە، کە لە ساڵی 1979 وە باری نائاسایی بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندووە.
کۆشکی سپیی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بە بڕیاری جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، باری لەناکاوی نیشتمانی تایبەت بە ئێران بۆ ماوەی یەک ساڵی تر درێژ دەکەنەوە، راشیگەیاند، ئەو بارە لەناکاوە لە 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1979وە بەسەر ئێراندا سەپێندراوە.
لە 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1979، بە بڕیاری جیمی کارتەر سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا و دوای تەنھا 10 رۆژ لە سووتانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران و دەستگیرکردنی ژمارەیەک دیبلۆماتکاری ئەو وڵاتە، واشنتۆن باری لەناکاوی بەسەر تاراندا سەپاند و سەرجەم سامانەکانی حکومەتی تارانی لە ئەمریکا بلۆککرد.




