ئەمرۆ چوارشەممە 9ـی 11ـی 2022، سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی نیوەوەرزی کۆنگرێسی ئەمریکا لە زۆربەی ویلایەتەکان داخران. بەپێی ئەنجامە بەراییەکان کۆمارییەکان وادەردەکەوێت ئەنجوومەنی نوێنەران کۆنترۆڵ بکەن و شەڕێکی تووندیش لەسەر کورسییەکانی ئەنجوومەنی پیرانە.
لەم هەڵبژاردنەدا، 435 ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران و 35 لە کۆی 100 ئەندامی ئەنجوومەنی پیران هەڵدەبژێردرێن. هەروەها دەیان حاکم و داواکاری گشتی هەڵدەبژێردرێن. کەواتە هەموو هەوڵەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانە لە نێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکاندا.
بە پێی ئەنجامە بەراییەکانی دەنگە جیاکراوەکان، تاوەکو ئێستا هەریەک لە دیموکراتەکان و کۆمارییەکان 46 کورسییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیران بەدەستهێناوە، براوە پێویستە 51 کورسی بەدەستبهێنێت.
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دیموکراتەکان 166 کورسیان بەدەستهێناوە و کۆمارییەکان 189 کورسی، براوە پێویستە 218 کورسی بەدەستبهێنێت.
تاوەکو ئێستا لە هەڵبژاردنی حاکمی ویلایەتەکان، کۆمارییەکان 24 ویلایەتیان بردووەتەوە و دیموکراتەکانیش 14 ویلایەتیان بردووەتەوە. هاوکات زیاتر لە 41 ملیۆن کەس لە 47 ویلایەت بە شێوەی پێشوەخت یان لە رێگەی پۆستەوە دەنگیان داوە.
ئەگەر لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیران هەردوو پارتەکە 50 بە 50 بوون، ئەوا سەرۆک سەر بە کام پارت بێت، ئەو پارتە دەبێتە براوە کە ئێستا جۆ بایدن سەر بە دیموکراتەکانە.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆ دابەشبوونی هێز لە نێو کۆنگرێس و دەزگای یاسادانانی ئەمریکا دیاری دەکەن، کە ئەوەش دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانی سیاسەتەکانی ئەمریکا، بە تایبەتی لە بواری دارایی و ئابووری.
ئەمریکییەکان هەموو چوار ساڵ جارێک لە هەڵبژاردنێکی گشتیدا دەنگ بۆ سەرۆکێکی نوێ دەدەن. هەڵبژاردنی میدتێرم دەکەوێتە نیوەی خولی سەرۆکایەتی و لە مانگی تشرینی یەکەمدا ئەنجامدەدرێت.