نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ، ژماره‌ی دانیشتوانی جیهان بگاته‌ 8 ملیار كه‌س

به‌ گوێره‌ی پێشبینییه‌كان له‌ 15ی ئه‌م مانگه‌دا، ژماره‌ی دانیشتوانی جیهان ده‌گاته‌ 8 ملیار كه‌س.

ئیداره‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی، رایگه‌یاند، له‌ 1950ه‌وه‌ تا ئێستا یه‌كه‌مجاره‌ جیهان وا به‌ هێواشی له‌ رووی ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه‌ گه‌شه‌ بكات.

روونیكرده‌وه‌، له‌ 2020دا رێژه‌كه‌ كه‌متر بوو له‌ له‌سه‌دا یه‌ك.

پێشبینی ده‌كرێت له‌ 2030دا ژماره‌ی دانیشتوانی جیهان بگاته‌ 8 ملیار و نیو و له‌ 2050دا بگاته‌ 9 ملیار و 700 ملیۆن كه‌س، هه‌روه‌ها له‌ 2080دا بگاته‌ 10 ملیار و 400 ملیۆن كه‌س و له‌و ژماره‌یه‌ بمێنێته‌وه‌ تا ساڵی 2100.

وه‌چه‌خستنه‌وه‌ له‌ 61 وڵاتی جیهان به‌ ئاستێكی زۆر دابه‌زیوه‌، هه‌ندێك وڵات رێژه‌ی گه‌شه‌یان له‌ رووی دانیشتوانه‌وه‌ ته‌نیا له‌ سه‌دا یه‌كه‌.

به‌ گوێره‌ی راپۆرتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، پێشبینی ده‌كرێت تا 2050 نیوه‌ی زیاتری ئه‌و ژماره‌یه‌ی دانیشتوان كه‌ زیاد ده‌بن له‌ 8 وڵات بن، ئه‌وانیش وڵاتانی كۆماری كۆنگۆی دیموكراتی، میسر، ئه‌سیوپیا، هندستان، نایجیریا، پاكستان، فیلیپین و ته‌نزانیان.

هه‌روه‌ها پێشبینی ئه‌وه‌ش كراوه‌، رێژه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌مه‌نیان گه‌یشتووه‌ته‌ 65 ساڵ یان زیاتر له‌ 2022دا رێژه‌یان %10ی دانیشتوانی جیهانه‌، به‌ڵام له‌ 2050دا رێژه‌یان به‌رز ده‌بێته‌وه‌ بۆ %16.

پەیوەندیدار