حکومەتی هەرێم لەبارەی قەرەبوی زەوییەکانی گوندی کۆری بڕیارێکى دەرکرد

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی نیشاندا لەسەر پێشنیازێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ مانەوەی قەرەبوی زەوییەکانی گوندی کۆریی لە هەمان شوێنی خۆیان کە پێشوتر بۆیان دیاریکرابو، بڕیاریشە لەماوەیەکی نزیکی داهاتودا زەوییەکان لەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ بکرێن.

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیدا بە مانەوەی قەرەبوی زەوییەکانی گوندی کۆریی  لە شوێنی خۆی و تاپۆکردنی لەسەر  سودمەندانی کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕوان بون.

ئەوەش هاتوە، بڕیارەکەش دوای ئەوە هات کە لەلایەن پارێزگای هەولێر، وەزارەتی شارەوانی و سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی و قەرەبوکردنەوەی سودمەندانی زەوییەکان کە زۆربەی زۆریان خەڵکی هەژار و کرێنیشینی شارن هەوڵێکی زۆردرا تاکو لە هەمان شوێنی خۆیان کە پێشوتر بۆیان دیاریکرابو قەرەبوبکرێنەوە.

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، پیرۆزبایی لە خاوەن زەوییەکان دەکەن و دڵنییایان دەکەنەوە لەنزیکترین کاتدا لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەست دەکرێت بە ڕێکار و پڕۆسەی تاپۆکردنی زەوییەکان.

پەیوەندیدار