وەزارەتی نەوتی عێراق: لە ئەمڕۆوە پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیان دەستپێدەكات

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیان دەستپێدەکات و سەرەتای پڕۆسەکەش لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، کە تیایدا 100 لیتر نەوتی سپی بەنرخی پاڵپشتیکراو بە 15 هەزار دینار بەسەر هاوڵاتیان دابەش دەکرێت.

وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردوە، لە ئەمڕۆوە هەشتەمین قۆناغی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیان دەستپێدەکات، لە سەرەتاشدا سەرجەم خێزانەکانی بەغدا نەوت وەردەگرن کە بڕەکەی 100 لیترە و بەنرخی پاڵپشتیکراو بە 15 هەزار دینار دەدرێت بە هاوڵاتیان.

بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق نرخی هەر لیترێک نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیان بە نرخی پاڵپشتیکراو بە 150 دینار دابەشدەکرێت، کە بەرمیلێک نەوت دەکاتە 30 هەزار دینار.

ئەوەش لەکاتێکدایە لە هەرێمی کوردستانیش پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لەناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکردوە و حکومەت بەرمیلێک نەوتی پاڵپشتیکراو بە 103 هەزار دینار دابەش دەکات.

مانگی رابردوش وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان کاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخ هەبوە و پرۆسەکەش ئێستا لە هەمو هەرێمی کوردستان بەردەوامە، هەرکاتێکیش بەغدا نەوتی سپی نارد، “بەو بڕ و نرخەی کە دەینێرێت بەسەر هاوڵاتیان دابەشی دەکەین”.

پەیوەندیدار