وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، یەکێتیی ئەوروپا هەفتەی داهاتوو لە بەرامبەر سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت.
ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە تویتێکدا نووسیویەتی، “ئێمە بەردەوام کار لەسەر پاکێجی داهاتووی سزاکان دەکەین. دەمانەوێت هەفتەی داهاتوو بیسەپێنین.”
ئەو خانمە وەزیرە لە تویتەکەی رۆژی چوارشەممەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، “وازناهێنین. نەک تەنیا ئەمڕۆ، بەڵکو تاوەکو پێویست بێت لەگەڵ خەڵکی ئێران دەوەستینەوە.”
بڕیارە وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رۆژی دووشەممە لە برۆکسل کۆببنەوە.
یەکێتیی ئەوروپا لە نێوەڕاستی مانگی رابردوودا کۆمەڵێک سزای بەسەر پۆلیسی رەوشتی ئێران و 11 بەرپرسی ئەو وڵاتەدا سەپاندن. لەدوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی سەقز لە تارانی پایتەختی ئێران لە مانگی ئەیلوول، خۆپێشاندان شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتەوە.
بەگوێرەی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران کە بنکەکەی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجە، لە سەرەتای خۆپێشاندانەکانەوە لانیکەم 304 کەس کوژراون، لەنێویاندا 41 منداڵ و 24 ژن هەن.