ئەو پیاوە ئێرانییەی کە بۆ ماوەی 18 ساڵ لە فڕۆکەخانەیەکی پاریس گیری خواردبوو و ژیاننامەکەی بووە ئیلهامی کورتەفیلمێکی هۆڵیوود، گیانی لەدەستدا.
ئێوارەی رۆژی شەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2022، بەرپرسانی فەرەنسا بڵاویانکردەوە، کە مێهران کەریمی ناسری بە “جەڵتەی دڵ” لە تێرمیناڵی 2 ئێف لە فڕۆکەخانەی شارلی دی گۆلی باکووری رۆژهەڵاتی پاریس گیانی لەدەستداوە.
ناسری کە خۆی زیاتر بە سێر ئالفرێد دەناساند، لە ساڵی 2004ـەوە بە ویستی خۆی لە کونجێکی فڕۆکەخانەدا دەژیا.
چیڕۆکەکەی لە ساڵی 2004 دا بووە ئیلهامی کورتەفیلمێکی ستیڤن سپیلبێرگ، دەرهێنەری هۆڵیود، بە ناوی “زە تێرمیناڵ” کە بە واتای “تێرمیناڵەکە” دێت و هەریەکە لە تۆم هانکس و کاترین زێتا جۆنز رۆڵی سەرەکییان لە فیلمەکەدا بینی.
هانکز رۆڵی پیاوێکی دەبینی کە لە فڕۆکەخانەی کەنەدی لە نیویۆرک گیردەخوات.
کەریم ناسری ساڵی 1945 لە پارێزگای خوزستانی رۆژئاوای ئێران لەدایکبووە. لە مانگی تشرینی دووەمی 1988 دوای ئەوەی لە ئێرانەوە بە فڕۆکە چووەتە لەندەن، بەرلین و دواتر ئەمستردام، دواجار لە فڕۆکەخانەکەی پاریس گیرسایەوە.
بۆ هەر وڵاتێک کە سەردانی دەکرد، بە تۆمەتی نەبوونی پەڕاوی فەرمیی گەشتکردنەوە، لە وڵاتەکە دووردەخرایەوە و دیپۆرت دەکرایەوە.
کاتێکیش چووە فڕۆکەخانەی شارلی دی گۆلی پاریس، تۆڕێکی نافەرمیی خواردن و یارمەتیی تەندروستی، رادیۆ و کۆمەڵە کتێبێکیان پێشکێشکرد. لە ساڵی 1999 لەلایەن فەرەنساوە مافی پەنابەرێتی و مانەوە لە فەرەنسا پێدرا.
ئەوکات ناسری گوتی: “من دڵنیا نیم چیم دەوێت. لێرە بێنمەوە یان بڕۆم. ئێستا من پەڕاوە فەرمییەکانم هەیە، دەتوانم لێرە بمێنمەوە”. بەڵام فڕۆکەخانەکەی جێنەهێشت.
دوای ئەوە، کریستیان بۆرگێتی پارێزەری گوتی کە ئەو چیدی نایەوێت فڕۆکەخانەکە جێبێڵێت و گوتی “ترسی لە جێهێشتن هەیە”.