سوودانی میكانیزمی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدای ئاشكرا كرد

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر رێکبکەون لەسەر ئەوەی دەستوور چەترێکی هەمیشەیی بێت، سەرجەم کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا “چارەسەر”یان دەبێت. دەشڵێت: “لەسەر ئەو پرسە راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان قسەم کردووە.”

رۆژی شەممە 12ی تشرینی دووەمی 2022، نووسینگەی رۆژنامەڤانی محەممەد شیاع سوودانی لە راگەیێندراوێکدا چەند گوتەیەکی سەرۆکوەزیرانی بڵاوکردەوە لەکاتی دیداری لەگەڵ ژمارەیەک لە شرۆڤەکارانی سیاسیی عێراق.

محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاندووە کە ئاڵنگارییەکان بۆ ئەوان روونن و لەسەر ئەو بنەمایە کارنامەی حکومەتەکەی دانراوە کە وادەی دیاریکراوی تێدایە بۆ هەموو پرسەکان لە ساڵێک بۆ سێ ساڵ. دەشڵێت: ئەگەر لەسەر ئەوە رێکبکەوین کە هەمیشە دەستوور چەترمان بێت، سەرجەم کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر دەبن و لەسەر ئەو پرسەش راستەوخۆ قسەم لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کردووە.

رۆژی 27ی تشرینی یەکەمی 2022، پەرلەمانی عێراق متمانەیدا بە حکومەتی نوێی عێراق و کارنامەکەی کە بەشێکیان پەیوەندارن بە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بەتایبەت پرسی نەوت و بودجە و مادەی 140.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا وە کە وڵاتەکەی دەیەوێت نرخی نەوت سەقامگیر بێت و نرخەکەی لە 100 دۆلار تێنەپەڕێت. دەشڵێت: “لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیدا دروستکردنی سندووقی بوژاندنەوەمان جێگیرکردووە کە پارەکەی لە رێژەیەکی داهاتی نەوت دابین دەکرێت بۆ پارەدارکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و پەروەردە و تەندروستی و بواری دیکە.”

لەبارەی پرسی گەندەییەڵەوە، محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاندووە کە بۆ بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە دەچنە نێو رێگە “هەستیارەکانی” دۆسیەکانەوە. دەشڵێت: ” سەرەتا چاکسازی لەو دامەزراوەنەوە دەستپێدەکەین کە پەیوەندارن بە بنەبڕکردنی گەندەڵی.”

پەیوەندیدار