نەوەی زڕبرایەکی سەدام حسێن دوای دەستگیركردنی لەلایەن لوبنانەوە رادەستی عێراق کرایەوە

نەوەی زڕبرایەکی سەدام حسێن سەرۆکی رژێمی لەناوچووی بەعس، بە تۆمەتی ئەندامێتی داعش و تێوەگلان لە کۆمەڵکوژی سپایکەر رادەستی عێراق کرایەوە.

ئاژانسی ھەوڵی فرانس پرێس لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، (عەبدوڵا یاسر سەبعاوی) نەوەی زڕبرای سەدام حسێن، دوای دەستگیرکردنی لەلایەن حکومەتی لوبنانەوە رادەستی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق کراوەتەوە.

راشیگەیاند، (عەبدوڵا یاسر) بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کۆمەڵکوژی سپایکەر و ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە عێراق، لە 11ی حوزەیرانی ئەمساڵ لە لوبنان دەستگیرکراوە.

رۆژی ھەینی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردەوە، (عەبدوڵا یاسر سەبعاوی)، کە بە تۆمەتی تێوەگلان لە کۆمەڵکوژیی سپایکەر داواکراو بووە، لە لوبنان دەستگیرکراوە و دەگەڕێندرێتەوە بۆ عێراق.

لە 12ی حوزەیرانی ساڵی 2014، داعش لە بنکەی سەربازیی سپایکەر لە شاری تکریتی ناوەندی پارێزگای سەڵاحەدین، نزیکەی ھەزار و 700 خوێندکاری سەربازیی کوشت.

عەبدوڵا سەبعاوی کێیە؟

عەبدوڵا، نەوەی سەبعاوی ئیبراهیمی حەسن تکریتی زڕ برای سەدام حسێنە، سەبعاوی ساڵی 1991 لەسەردەمی جەنگی كەنداو سەرۆكی دەزگای هەواڵگری گشتیی عێراق بوو، ساڵی 1991 تا 1996 سەرۆكی بەڕێوەبەرایەتی (ئەمنی عام) بوو. پاشان وەكو راوێژكاری سەدام حسێن كاری كرد‌وە.

دوای روخانی رژێمی بەعس، سەبعاوی داواکراوی ژمارە 36 بو لەکۆی 55 داواکراوەکەی ئەمریکاو پاداشتی یەك ملیۆن دۆلار تەرخانكرا بۆ هەر كەسێك زانیاریی لەبارەیەوە بدات‌و ببێتە هۆی دەستگیركردنی یان كوژرانی.

سەبعاوی لەشوباتی 2005 دەستگیرکراو دادگای باڵای تاوانەكان سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند، بەڵام بەر لەجێبەجێکردنی بڕیارەکە، لەتەموزی 2013دا بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە لەیەكێك لەنەخۆشخانەكانی شاری بەغدا گیانی لەدەستدا.

یاسری باوکی عەبدوڵاش، بەهەمانشێوە، لەساڵی 2005دا بەتۆمەتی هاندانی توندوتیژیی‌و دابینکردنی دارایی بۆ کردەوەی تیرۆریستی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیرکرا، پاش هێشتنەوەی بۆ ماوەی 13 سال لەبەندیخانەدا، ساڵی رابردو ئازاد کرا.

بەپێی ئەو تۆمارە دەنگییەی سەعد سەبعاوی، بلاویکردوەتەوە، عەبدوڵا یاسر سەبعاوی، دوای روخانی رژێمی بەعس لەساڵی 2003دا، تەمەنی 8 ساڵ بوەو عێراقی بەجێهێشتووەو بەسەردانیش نەگەڕاوەتەوە بەهۆی بێبەشكردنیەوە لەڕەگەزنامەی عێراقی.

دوای روخانی رژێمی بەعس، عەبدوڵا لەگەڵ بەشێک لەخێزانەکەیدا رویانکردوەتە وڵاتی یەمەن‌و لەوێ نیشتەجێ بون، بەڵام پاش سەهەڵدانی جەنگی یەمەن‌‌و نائارامییەکانی ئەو وڵاتە، پەنایان بردوەتە بەر وڵاتی لوبنان‌و عەبدوڵا ماوەی چوار ساڵە لەلوبنان دەژی‌و داواکارییەکیشی بۆ پاراستن پێشکەشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردوە.

لە11ی حوزەیرانی رابردودا، هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتاوەتە سەر شوقەکەی عەبدوڵا لە”ناوچەی بایبلۆس” لە”جەبەل لوبنان”و دەستگیریان کردوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە حکومەتی عێراق لەیاداشتێکدا بۆ حكومه‌تی لوبنان داوای کردوە عه‌بدوڵا یاسر سه‌بعاوی رادەست بکاتەوە، به‌تۆمه‌تی ئه‌نجامدانی كۆمه‌ڵكوژی سبایکەر، کە لەساڵی 2014دا زیاتر لە 1000 سەربازی عێراقی لەشاری تکریتدا تیا کوژرا.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی گشتی لوبنان، جەنەڕاڵ “عەباس ئیبراهیم”، وێڕای ئەوەی هەواڵی دەستگیرکردنەکەی پشتڕاستکردەوە، رایگەیاند “ده‌ستگیركردنی عەبدوڵا سه‌بعاوی له‌سه‌ر بنه‌مای یاداشتێك بوە‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئینته‌رپۆل (پۆلیسی نێوده‌وڵه‌تی)ه‌وه‌ ده‌رچوه‌و له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی لوبنانه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌”.

راشیگەیاند “ئەو لوبنانی نییە، دەسەڵاتی دادوەریی لوبنان بڕیار لەسەر ئازادکردنی دەدات یان ڕادەستکردنی بەدەسەڵاتدارانی عێراق”.

پەیوەندیدار