ئەمڕۆ دانیشتوانی جیهان هەشت ملیار كەس تێدەپەڕێنێت

بەپێی پێشبینییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ سێشەممە ژمارەی دانیشتووانی سەر زەوی دەبێتە هەشت ملیار کەس. ئەوەش دوای 11 ساڵ لە گەیشتنی ژمارەی دانیشتووانە بە حەوت ملیار کەس.

زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی زەوی کۆمەڵێک پرسیاری گەورە دروستدەکات لەسەر ئەوەی ژمارەی دانیشتووان بە چ رێژەیەک و بە چ خێراییەک بەرزدەبێتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات 15 ساڵی دیکە بخایێنێت بۆ ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی جیهان لە هەشت ملیارەوە لە ساڵی 2037 ببێتە 9 ملیار کەس. بۆ بوونە 10 ملیاریش، لەوانەیە تاوەکو ساڵی 2080 بخایێنێت.

خێراترین رێژەی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی جیهان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی شەستەکان کە رێژەی زیادبوون 2٪ بووە. ئەو رێژەیەش لەو کاتە بەدواوە دابەزیوە تاوەکو ساڵی 2022 بەوپێیەی کە کەمبووەتەوە بۆ 1٪ لە ساڵێکدا.

لە ساڵی 1803 ژمارەی دانیشتووانی جیهان یەک ملیار کەسی تێپەڕاند، لە 1927 دا گەیشتە دوو ملیار کەس و لە ساڵی 1974دا گەیشتە چوار ملیار.

هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی زەوی “نایەکسانی و نادادپەروەری” لە جیهاندا زیادیکردووە. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، “چەند ملیاردێرێکی جیهان زیاتر لە نیوەی ژمارەی دانیشتووانی جیهان سەرمایەیان هەیە و، چاوەڕوانی تەمەن لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان 30 ساڵ زیاترە لە وڵاتە هەژارەکان.”

پەیوەندیدار