بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، لە زۆربەی لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خەڵک بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی دووکان و بازاڕەکانیان نەکردەوە و مانیان گرت.
بەپێی ئەو دیمەنانەی تاوەکو ئێستا بڵاوبوونەتەوە، لە شارەکانی سەقز، سنە، مەریوان، مهاباد، شنۆ، بانه، دیواندەرە، کامێران، جوانڕۆ و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتن دەستیپێکردووە و خەڵک دووکان و بازاڕەکانیان نەکردووەتەوە.
بەپێی ئەو راگەیێندراوانەی لەماوەی یەک هەفتەی رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە لایەن چالاکڤانانی مەدەنی، هونەرمەندان و کەسایەتییە ناسراوەکانەوە بڵاوکرابوونەوە، داوا لە خەڵک کرابوو ئەمڕۆ 15-11-2022 لە ساڵیادی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری 2019 کە بە خۆپێشاندانەکانی ئابان ناسراوە، بۆ ماوەی 3 رۆژ مانگرتن و خۆپێشاندانی سەرانسەری لە هەموو ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەبچێت.
هاوکات لە رۆژی دووشەممەوە، ئەنجوومەنی هاوئاهەنگی پیشەیی مامۆستایانی ئێران، کە یەکێکە لە گەورەترین سەندیکا مەدەنییەکان، داوای لە سەرجەم مامۆستایان و قوتابییان کردووە رۆژانی سێشەممە بۆ پێنجشەممە مانبگرن و نەچنە سەر پۆلەکانیان.
لە ئێرانیش، لە تاران، مەشهەد، کەرەج، ئیسفەهان و کرمان و چەند شار و ناوچەیەکی دیکە مانگرتن راگەیێندرا.
تاوەکو ئێستا لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتن دەستیپێکردووە و ئەگەری هەیە لە نیوەڕۆ و ئێوارەی ئەمڕۆیشەوە خۆپێشاندانی گشتی دەستپێبکات.
خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ پێی نایە 60ـەمین رۆژەوە. تاوەکو ئێستا باس لە گیانلەدەستدانی نزیکەی 330 کەس و دەستبەسەرکردنی 15 هەزار خۆپێشاندەر دەکرێت.