گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە و زڕگوێز رایگەیاند، دروستکردنی هەڕەشە لەسەر خاکی ئێران “پاساو نییە بۆ ئێران کە پەلاماری سەروەریی عێراق بدات و خەڵکی سڤیل بتۆقێنێت.”
رۆژی دوشەممە 14-11-2022، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رايگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە زمانێکی تووند راگەیێندراوێکی دەرکرد، تێیدا بەتووندی سەرکۆنەی “ئەو هێرشە تاکلایەن و دنەدانەی لایەنی ئێرانی کرد، کە بۆ چەند شوێنێکی هەرێمی کوردستانی عێراق ئەنجامیدا، بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی عێراق شەهید و بریندار بوون”.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، دوای دەرکردنی راگەیێندراوەکە، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ئەمیر حوسێن عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران پێگەیشت، تێیدا باس لە گرنگترین ئاڵنگارییە ئەمنییەکان کرا. فوئاد حوسێن دووپاتیکردەوە، عێراق بەتووندین دەستەواژە سەرکۆنەی ئەو کارە دەکات کە پێشێلکاریی روونی سەروەریی عێراق و دراوسێیەتیی باشە. هەروەها دووپاتیکردەوە، پێویستە پەنا ببرێت بۆ دیالۆگ و دانوستاندن بەشێوەیەکی راست و دروست، بەشێوەیەک خاک و سەروەریی عێراق بپارێزێت لە هەر کردەوەیەکی دووژمنکاری دیکە کە رەنگبێ رووبدات.
ئەحمەد سەحاف گوتی: لایەنی ئێرانی جەختی لە دیالۆگ و پابەندی هەردوولا کردەوە. هەروەها گوتیشی: عێراق پابەندە بەوەی خاکەکەی نەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە هیچ وڵاتێکی دراوسێ، “هەر کردەیەک زیان بە ژێرخانی عێراق و هاووڵاتییانی بگەیێنێت سەرکۆنەی دەکەین. کاری تاکلایەنە رەنگدانەوەی خراپی دەبێت بۆ سەر عێراق و ناوچەکە. مەترسییەکان زیاتر دەکات و کارێکی راست نییە و لێکەوتە زۆر مەترسیداری لێدەکەوێتەوە”.
هەروەها راشیگەیاند، لایەنی ئێرانی دەڵێن، “گرووپەکان لەنێو خاکی عێراقەوە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەکەن. ئێمە بەردەوام وەڵامیان دەدەینەوە و دەڵێین: ئەمە پاساو نییە بۆ ئێران کە پەلاماری سەروەریی عێراق بدات و خەڵکی سڤیل بتۆقێنێت. پێویستە هاوئاهەنگی و هاوکاری لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات”.
لەبارەی هاوئاهەنگی نێوان هەولێر و بەغدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتی: لە بەرزترین ئاستی باڵا هاوئاهەنگی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان عێراق لەسەر ئاستی و سیاسی و سەربازی و ئەمنی هەیە. رێککەوتن هەیە بە یەک بۆچوون رووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییانە ببینەوە کە سەروەریی عێراق دەگرێتەوە، “یەک وڵات و یەک سەروەریمان هەیە”.
ئەمریکا: داوا لە ئێران دەکەین هێرشە بەردەوام و بێشەرمانەکانی بۆ سەر خاکی عێراق رابگرێت
ئەمریکا “بەتووندی” سەرکۆنەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دەکات کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس و داوا دەکات ئێران هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان رابگرێت.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە بەکاتی ئەمریکا، (بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2022 بەکاتی هەولێر) نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، “بەتووندی سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران لە دژی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین.”
نێد پرایس ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئێران بەشێوەیەکی بەردەوام و “بێشەرمانە” سەروەریی خاکی عێراقی بنپێکردووە و داوای کرد وڵاتەکە هێرشەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق بوەستێنێت و خۆی لە “هەڕەشەی زیاتر لە دژی یەکپارچەیی خاکی عێراق” بەدووربگرێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ هەولێر و بەغدا دووپاتدەکاتەوە و دەڵێت، “ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە بەغدا و هەولێر دەوەستێتەوە و هاوبەشی لە ئامانجی حکومەتی عێراقدا دەکات بۆ پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و سەروەریی خاکی عێراق.”
سعودیە بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکات
سعودیە “بە تووندی” سەرکۆنەی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و دەکات هەموو هەڕەشەیەک بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق رەتدەکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە جەخت لەوەدەکاتەوە، وڵاتەکە بەتەواوەتی هەموو هێرشێک رەتدەکاتەوە کە “هەڕەشە لە سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەکەن.”
جگە لەوەش، بەهۆی زیانە گیانییەکانەوە، وەزارەتی دەرەوەی سعودیە سەرەخۆشی و هاوسۆزیی خۆی بۆ حکومەت و گەلی عێراق دەردەبڕێت و هیوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازێت.
فەرەنسا: پابەندیی خۆمان بە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپاتدەکەینەوە
فەرەنسا سەرکۆنەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی ئێران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دەکات و پابەندیی خۆی بە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپاتدەکاتەوە.
درەنگانی شەوی دووشەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2022، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشەکەی هەمان رۆژی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان گوتی، “فەرەنسا سەرکۆنەی دوایین هێرشی ئاسمانیی ئێران بۆ سەر هەرێمی ئۆتۆنۆمیی کوردستان دەکات کە قوربانیی لێکەوتەوە.”
فەرەنسا دەڵێت: “پابەندیی خۆمان بە سەقامگیریی هەرێمی ئۆتۆنۆمیی کوردستان دووپاتدەکەینەوە.”
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیێندراوەکەیدا باس لەوەدەکات کە ئەو هێرشە ئاسمانییانە “هێرشێکن بۆ سەر سەروەری و یاسای نێودەوڵەتی و هەڕەشە لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە دەکەن”. دەشڵێت، ئەم جۆرە کردەوانە “دەبێت بوەستێندرێن.”
لە بەشێكی دیکەی راگەیێندراوەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا جەخت لەوەدەکاتەوە وڵاتەکە “هەموو بنپێکارییەک بۆ سەر سەروەریی عێراق سەرکۆنە دەکات” و، داوا دەکات رێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق بگیرێت.
پەرلەمانی عەرەبی: هێرشەکانی ئێران پێشێلکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانن
پەرلەمانی عەرەبی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مووشەک و درۆن کردیە سەر بارەگای چەند حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردسان و دەڵێت: “ئەو هێرشانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانە.”
رۆژی 15ـی تشرینی دووەمی 2022، پەرلەمانی عەرەبی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، “سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین کە بە مووشەک و تۆپ لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کراونەتە سەر شاری کۆیە لە رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیەک شەهید و برینداری لێکەوتەوە.”
پەرلەمانی عەرەبی ھێرشەکە بە “ناپەسند” ناو دەبات و دەڵێت: “پێشێلکارییەکی ئاشکرای پەیماننامە و عورفە نێودەوڵەتییەکانە و دژی سەروەریی عێراق و بنەماکانی هاوسێیەتییە.”
رۆژی دووشەممە 14-11-2022 ئێران لە رێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە، هێرشی کردە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری کۆیە لە پارێزگای هەولێر و زڕگوێز لە پارێزگای سلێمانی، لە ئەنجامی هێرشەکەدا دوو کەس لە کۆیە گیانیان لەدەستدا و هەشتی دیکەش بریندار بوون.