توركیا ئۆپراسیۆنێكی نوێی بەناوی “چنگی شمشێر” راگەیاند و لە رێگەی فڕۆكەی جەنگییەوە هێرشی كردە سەر پێگەكانی پەكەكە و هەسەدە لە هەرێمی كوردستان و لە رۆژئاوای كوردستان.
درەنگانێكی شەوی رابردوو سوپای توركیا ئۆپراسیۆنێكی سەربازی فراوانی دەستپێكرد و وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتەش لە بارەی ئۆپراسیۆنەكەوە رایگەیاندووە، بەناوی “چنگی شمشێر”ە ئۆپراسیۆنێك دەستی پێكردووە، كە پشتی بە ماددەی 51 لە پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بەستووە كە ماف دەدات بە توركیا بەرگری لە خۆی بكات.
بەپێی زانیاریەكان، لەسەرەتای دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنەكەوە توركیا بە ژمارەیەكی زۆر فڕۆكە بۆردومانی چڕی چەندین ناوچەی هەرێمی كوردستان و شارەكانی رۆژئاوای كردووە، میدیاكانی توركیا ئاشكرایان كردووە، كە لە ئۆپراسیۆنەكەدا 50 فڕۆكەی جەنگی و 20 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی جەنگی بەكارهێنراون.
سەبارەت بە ئۆپراسیۆنەكە، لای خۆیەوە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی “هەسەدە” رایگەیاندووە، جەنگ لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێكدا نابێت، بۆردوومانی توركیا بۆسەر ناوچە ئارامەكان هەڕەشەیە لەسەر تەواوی ناوچەكە و شەڕ كاریگەری لەسەر هەمووان دەبێت.