وەزیری بەرگریی تورکیا لە بنکەی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکانی وەزارەتەکەیەوە سەرپەرشتیی هێرشە ئاسمانییەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سوپای تورکیای بە ناوی “چنگ-شمشێر” کرد و رایگەیاند، زۆر بە وردی و هەستیارییەوە و بە لەبەرچاوگرتنی پاراستنی گیانی خەڵکی سڤیل، هێرشە ئاسمانییەکەیان کردووە.
خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ی تشرینی دووەمی 2022، لە کاتی سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە “چنگ-شمشێر” رایگەیاند، مەبەستیان پاراستنی گیان و سەلامەتیی 85 ملیۆن هاووڵاتی و ئاسایشی وڵاتەکەیانە و هەروەها وەڵامدانەوەی تووندی هەموو جۆرە هێرشێکە بۆسەر تورکیا.
خولوسی ئاکار گوتی: “لەم چوارچێوەیەدا، لە نیوەی شەوەوە لێرەین بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت کە بە پلانێکی زۆر هەستیارەوە کرا و بەهۆیەوە لە باکووری عێراق و سووریا پێگەکانی تیرۆریستان کرانە ئامانج و ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتوویی کرا. وەک ئۆپەراسیۆنەکانی پێشوومان، لەم ئۆپەراسیۆنەشدا زۆر بە وردی و هەستیارییەوە بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاریی پاراستنی گیانی خەڵکی بێتاوانی سڤیل هەموو جۆرە رێوشوێنێک گیرانەبەر. لەکاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەشدا بە وردی ئەم بابەتە لەبەرچاو گیرا”.
بە گوتەی وەزیری بەرگریی تورکیا، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ئەشکەوت، حەشارگە، تونێل، بنکە، بارەگا و جبەخانەی “تیرۆریستان” خاپوورکراون. وەزیری بەرگریی تورکیا دووپاتیشی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبن.
مەزڵوم کۆبانێ: تورکیا لە ھێرشەکانیدا جیاوازی لە نێوان مەدەنی و ھێزی سەربازیدا نەکردوە

مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات-ھەسەدە، ڕایگەیاند، تورکیا لە ھێرشەکانیدا جیاوازی لە نێوان مەدەنی و ھێزی سەربازیدا نەکردوە، ئەو ھێرشانەش ھیچ پەیوەندیان بە تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵەوە نییە و ساڵێک زیاترە تورکیا ئامادەکارییان بۆ دەکات.
وتیشی، ھەمووان دەزانن ھێزەکانی ھەسەدە و ھیچ ھێز و لایەنێکی کوردی ھەرگیز ھاووڵاتی مەدەنییان نەکردووەتە ئامانج، ئەو تەقینەوەی ئیستەنبوڵیش کراوەتە بیانو بۆ تۆڵەکردنەوە لە گەلی کورد، ئەوەش یاریەکی چەپەڵی تری ھەواڵگری تورکیایە و پەیوەستە بە جموجۆڵەکانی ئەردۆغان پێش ھەڵبژاردنەکانی تورکیا و تەقینەوەکە لە لایەن خودی کەسەکانی سەر بە ڕژێمی تورکیاوە ئەنجامدراوە.
جەختیشیکردەوە، دیارە تورکیا شەڕ دەسەپێنێت، ئەوان شەڕیان ناوێت و بەڵام ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت، ئەوا ئامادەی شەڕن و ڕێوشوێنیشیان بۆ گرتوەتەبەر.




