بەهۆی زۆربوونی روداوەكانی تەقینەوەی سیستمی غاز، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كاركردنی بە سیستمی غاز راگرت.
پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كردووە، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، فەرمانیكردووە هەموو جۆرێك لە كاركردن بە سیستمی غاز رابگیرێت و نابێت بە هیچ جۆرێك بەكاربهێنرێت.
پارێزگای هەولێر داواشی لە هاووڵاتیان كردووە، هەموو كاركردنێك بەم سیستمی غازە رابگرن و هاوكاری تیمەكانی بەرگریی شارستانی و پۆلیسی شارەوانی و نەوت و كانزاكان و تیمەكانی قایمقامیەت و ناوەندی قەیرانەكان بن.
ئەم بڕیارە دوای ئەوەدێت، لەماوەی رابردودا چەند روداوێكی تەقینەوەی سیستمی غاز رویانداوە و دیارترینیان لە گەڕەكی كازیوەی سلێمانی كە 15 كوژراو و 12 برینداری لێكەوتەوە، هەروەها شەوی رابردوو لە پارێزگای دهۆك كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 4 كەس و بریندار بوون 33ی دیكە.