رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران: هەوڵەکانی حکومەتی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان چڕبوونەتەوە

هەوڵەکانی حکومەتی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان چڕبوونەتەوە و هێزە ئەمنییەکان دەیانەوێت ئەو کەسانە دەستگیربکەن کە لە خۆپێشاندانەکانی ئەم چەند رۆژەی رابردوودا زۆر چالاک بوون.


شەوی رابردوو لە هەندێ لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، خۆپیشاندانی بەرفراوان لە شارەکانی مەریوان و دێولان لە پارێزگای سنە و سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشان بەڕێوەچوو.


سەبارەت بە تووندوتیژییەکانی هێزەکانی ئەو وڵاتە، رێکخراوی مافی مرۆڤی رایگەیاند، “لە ماوەی ئەم چەند رۆژەی رابردوودا 72 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە کە 56 کەسیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.”
بەپێی راگەیەندراوەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، کۆی گشتی ژمارەی کوژراوانی ناڕەزاییەکانی شارەکانی ئێران گەیشتوەتە 416 کەس، لەو ژمارەیەش 51 منداڵ و 27 ژن لە ناو کوژراوەکاندان.


بەهۆی رەفتاری هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر خۆپیشاندەران، بە تایبەت پاش بڵاوبوونەوەی چەند ڤیدیۆیەک کە تەقەی راستەوخۆ لە کەسانی ناڕازی دەکرێت و ژن و منداڵ دەکرێنە ئامانج، هەریەک لە پەرلەمانی ئەوروپا و ئەمریکا و مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، داواکارن سزای زیاتر بەسەر ئێران بسەپێندرێت هەتا ئەوکاتەی کۆتایی بە توندوتیژییەکان دەهێنێت.


لە لایەکی دیکەوە، ڤۆلکێر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی لە سویسرا، وتی: کاردانەوەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر بە خۆپێشاندەران توندتر بووە و هەر وەک دەبینین لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا زیاتر لە 400 کەس کوژراون.

bestun latef

پەیوەندیدار