خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی کوردستان لە سنە ئەمڕۆش لە مانگرتن بەردەوام بوون و مامۆستاکان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێن، مانگرتنەکەیان بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی مامۆستا و خوێندکارە دەستبەسەرکراوەکان ئازاد دەکرێن.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ لە مانگرتنی مامۆستا و خوێندکارەکانی زانکۆی کوردستاندا خوێندرایەوە، سەرکۆنەی دەستگیرکردنی مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆکە کرا و بە “ناڕەوا”یان دانا و داوایانکرد “هەر جۆرە بانگ کردنێک، لێکۆڵینەوەی ئەمنی، دەستبەسەرکردن و هەڕەشەکردن لە مامۆستا، فەرمانبەر و خوێندکارەکانی زانکۆی کوردستان لەلایەن دامودەزگاکانی دەرەوەی زانکۆوە” رابگیرێت.
لە ماوەی رابردوودا خوێندکارەکانی زانکۆی کوردستان لە سنە زۆر جار پشتگیرییان لە خۆپێشاندەران و داواکارییەکانیان کردووە و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.
دامەزراوە ئەمنییەکان بە تووندوتیژی و بەکارهێنانی گازی فرمێکسڕێژ و دەستگیرکردن، وەڵامی داواکاریی خوێندکارەکانیان داوەتەوە.
رۆژی سێشەممە دوای ئەوەی مامۆستاکانی زانکۆی کوردستان وتارەکانیان پێشکێشکرد، جەمیل بەهرامی، مامۆستای زانکۆ و چەندین کەسی دیکە لە مامۆستاکان و ئەوانەی وتاریان پێشکەش کرد، دەستبەسەر کران.
چەند رۆژ لەمەوبەریش رەحمەت سادقی، سەرۆکی زانکۆی کوردستان دەستی لەکار کێشایەوە. خوێندکارەکانی ئەو زانکۆیە دەڵێن، رەحمەت سادقی رێگەی نەدەدا دامەزراوە ئەمنییەکان بچنە نێو زانکۆ و بەرەنگاری خوێندکاران ببنەوە، بۆیە لەژێر گوشاری لایەنەکانی دەرەوەی زانکۆدا ناچار کراوە دەست لەکار بکێشێتەوە.
وەک ناڕەزاییەک لە دژی ئەو گوشارانە، ئەمڕۆش دیسان مامۆستا و خوێندکارەکانی زانکۆی کوردستان گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی. ئەوان دەڵێن: بەپێی دەستووری ئێران خوێندکار، مامۆستا و فەرمانبەر مافی رەخنە و ناڕەزایەتییان هێمنانەیان هەیە.
ئەمریکا سێ بەرپرسی رۆژهەڵاتی کوردستان دەخاتە لیستی سزاکانییەوە
لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سێ بەرپرسی شاری سنە و ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانی خستە لیستی سزاکانییەوە. بەگوتەی وەزارەتەکە، سزاکان پەیوەندییان بە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و سەرکوتکاریی تارانە لە دژی خۆپێشاندەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
رۆژی چوارشەممە، 23-11-2022، برایان نێڵسن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا بۆ هەواڵگریی ئابووری و تیرۆر رایگەیاند، “رژێمی ئێران بەردەوامە لە بەئامانجکردن و گوللـەبارانکردنی منداڵەکانی خۆی کە بۆ داهاتوویەکی باشتر رژاونەتە سەر شەقامەکان”.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە هاوکات باسی ئەو سەرکوتکارییەی کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرامبەر هاونیشتمانییان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە و گوتی: “ئەو تاوانانەی لە دژی خۆپێشاندەران لە ئێران دەکرێت پێویستە بوەستێنرێت، بەتایبەت لە مەهاباد”.
حەسەن عەسکەری، قایمقامی سنە و عەلی رەزا مورادی، فەرماندەی پۆلیسی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دووان لەو بەرپرسانەن کە سزاکانی ئەمریکا دەیانگرێتەوە. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، ئەو دوو بەرپرسە بەهۆی “وەڵامدانەوەی تووندی” خۆپێشاندەرانەوە لە شارە کوردییەکان سزاکانیان بەسەردا سەپێنراوە.
هاوکات ئەو وەزارەتەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو دوو بەرپرسە زانیاریی هەڵەیان لەبارەی چۆنێتیی گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ لە خۆپێشاندانەکان داوە کە بەگوێرەی هەواڵەکان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە کوژراوە.
یەکێکی دیکە لەو سێ بەرپرسەی بووەتە ئامانجی دوایین سزای ئەمریکا، محەممەد تەقی ئەسانلوو، فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا لە شاری مەهابادە؛ هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، ئەو بەرپرسە فەرمانی جووڵاندنی هێزی زیاتری بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی مەهاباد دەرکردووە.
ئەو سزایانە تەواوی موڵکی ئەو کەسانە لەنێو خاکی ئەمریکا بلۆک دەکات و رێگە لە هەموو هاووڵاتییەکی بە رەچەڵەک ئەمریکیش دەگرێت لە مامەڵە و پەیوەندیکردن لەگەڵیان دا.