وەزارەتی بەرگری تورکیا: سێ سەربازی دیکەمان لە ناوچەی زاپ کوژراون

لە شەڕی سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، سێ سەربازی دیکەی تورکیا کوژران کە یەکێکیان پلەی ئەفسەر بووە.

وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ناسنامەی سێ سەربازی ئاشکرای کرد، کە لە شەڕی پەکەکە لە ناوچەی زاپ کوژراون.

بەگوێرەی ناسنامەکان یەکێک لە سەربازە کوژراوەکانی تورکیا ئەفسەر بووە.

وەک لە راگەیەندراوی وەزارەتی بەرگری تورکیا هاتووە، کوژرانی ئەو سێ سەربازە بەهۆی هێرشی گەریلاکانی پەکەکە بووە بۆ سەر هێزەکانیان، هاوکات سەربازێکی دیکەشیان برینداربووە.

سوپای تورکیا له‌ 18ـی نیسانی 2022، له‌ رێگه‌ی وشکانی و ئاسمانییه‌وه‌ ئۆپه‌راسیۆنێکی به‌ناوی “چنگ-قفڵ” بۆ سه‌ر بنکه‌ و باره‌گاکانی په‌که‌که‌ له‌ ناوچه‌کانی زاپ، مه‌تین و ئاڤاشین ده‌ستپێکردووه‌.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری تورکیا، تائێستا 90 سەربازی تورکیا لەو ئۆپەراسیۆنەدا کوژراون.

پەیوەندیدار