نێچیرڤان بارزانی سەردانی بەغدا دەكاتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە بە سەردانێکی یەک رۆژە جارێکی دیکە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوکردنی سەردانەکەی پێشووی، بچێتەوە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆببێتەوە.

بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 27-11-2022، بۆ تەواوکردنی دیدار و کۆبوونەوەکانی سەردانی پێشووی کە بەهۆی تەقینەوەکەی دهۆک نەیتوانی تەواوی بکات و گەڕایەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە دەچێتەوە بەغدا و سەردان و کۆبوونەوەکانی درێژە پێدەدات.

رۆژی سێشەممە، 22-11-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ و به‌رپرسانی عێراق دۆخی وڵات و په‌یوه‌ندی و كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆ و هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ركردنیانی تاوتوێ کرد.

وەک لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرنامەی سەردانەکەی بۆ بەغدا تەواو بکات و “له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی دیكه‌ له‌ سه‌ركرده‌ و به‌رپرسانی باڵای عێراق دیدار و كۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام بدات.”

بڕیارە نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەکەی ئەمڕۆیدا بۆ بەغدا، لەگەڵ هەر یەک لە موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم، قاسم ئەلئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پیشووتری عێراق، ئەبو کەڕاڕ، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی نەهجی وەتەنی و رەوتی سەدر کۆببێتەوە.

لە سەردانەکەی پێشوویدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندین دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجامدا، بەڵام بەهۆی ئەو تەقینەوەیەی دهۆک کە تێیدا تاوەکو ئێستا حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 30 کەسیش بریندار بوون، سەردانەکەی کۆتایی پێهێنا و گەڕایەوە هەرێمی کوردستان و لە شاری دهۆک بەشداریی لە پرسەی قوربانییەکان کرد.

سێشەممەی رابردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، قه‌یس خه‌زعه‌لی، سه‌رۆكی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق، فالح فه‌ییاز، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی نه‌سر و هادی عامری، سه‌رۆكی هاوپەیمانیی فه‌تح كۆبووه‌وه‌.

پەیوەندیدار