ڕۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مریكی: ئه‌مریكا بەرپرسیار دەبێت له‌ ئه‌گه‌ری دوباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌هێزی داعش

ڕۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مریكی، له‌ ڕاپۆرتێكدا دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشوی ئه‌مریكای به‌ به‌رپرسیار زانی له‌ ئه‌گه‌ری دوباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌هێزی مه‌ترسییه‌كانی داعش له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا، دوای هه‌نگاوه‌كانی توركیا بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر باكوری سوریا و سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕێك له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) و ئازادكردنی زیندانیكراوه‌كانی داعش.

له‌ڕاپۆرتێكدا “واشنتن ئێگزامینه‌ر“ی ئه‌مریكی بڵاویكرده‌وه‌، ڕاپۆرته‌كان باسیان له‌ سیناریۆی ئه‌گه‌رێك كردوه‌ له‌ قۆناغی داهاتودا، كه‌ پێشبینیده‌كرێت توركیا ئۆپه‌راسیۆنی زه‌مینی له‌ باكوری سوریا ئه‌نجامبدات به‌ مه‌به‌ستی لێدان له‌ كورده‌كان كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه‌ ببێته‌ هۆی هه‌ڵهاتنی نزیكه‌ی 10 هه‌زار تیرۆریست كه‌ سه‌ر به‌ نزیكه‌ی 50 وڵاتن و له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سوریای دیموكراته‌وه‌ زیندانیكراون.

ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه‌، “كورده‌كان كه‌ زۆربه‌یان به‌ هاوپه‌یمانی به‌هێزی ڕۆژئاوا له‌ دژی تیرۆریستانی داعش داده‌نرێن، چه‌كدارانی ئه‌و ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌یان ده‌ستگیركردوه‌، ڕه‌نگه‌ چیتر نه‌توانن ده‌ستبه‌سه‌ریان بكه‌ن ئه‌گه‌ر توركیا هێرشی زه‌مینی ئه‌نجامبدات، به‌مه‌ش داعش ڕیزه‌كانی خۆی رێكده‌خاته‌وه‌ و له‌ڕێگه‌ی سه‌ربڕین و به‌كارهێنانی خراپه‌كاری له‌ ناوچه‌ فراوانه‌كانی عێراق و سوریا ده‌ست به‌چالاكیه‌كانی ده‌كاته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ نێوان ساڵانی 2014 و 2017 ئه‌نجامیاندا”.

له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ “ئه‌م سیناریۆیه‌ چاوه‌ڕوانكراو بو، چونكه‌ دۆخێكی هاوشێوه‌ ڕویدا كاتێك دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشوی ئه‌مریكا له‌ ساڵی 2019دا به‌په‌له‌ فه‌رمانیدا هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌ خێرایی له‌ سوریا بكشێنه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیداردا رێكه‌وتن بكات، هه‌روه‌ها قسه‌ی له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك كۆماری توركیاش بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ نه‌كرد”.

ڕۆژنامه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ بڕیاره‌كه‌ی تره‌مپی له‌و كاته‌دا به‌ “ترسناك” وه‌سف كرد بۆ ده‌ستبه‌رداربون له‌ كورد، هه‌روه‌ها له‌ ژێر ڕۆشنایی ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی كه‌ تیرۆریستان له‌ زیندان نه‌مێننه‌وه‌ و چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی “وه‌ره‌مه‌ شێرپه‌نجه‌ییه‌كان” بكه‌ن بۆ ناوچه‌كه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، “ده‌ربازبونی تیرۆریستان به‌و مانایه‌یه‌ كه‌ تیرۆر بۆ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌”.

له‌ ڕاپۆرته‌كه‌دا باسی له‌وه‌شكردوه‌، “ئه‌مریكا ڕێككه‌وتنێكی ڕونی له‌گه‌ڵ توركه‌كاندا نییه‌، ڕێگه‌یه‌كی ئاسانیشی نییه‌ بۆ ڕێگریكردن له‌ ئه‌ردۆگان، بۆئه‌وه‌ی ببێته‌ هۆكاری بوژانه‌وه‌ی داعش، له‌ هه‌وڵی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ كورد”.

جۆو بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ 15ی ئه‌م مانگه‌ چاوی به‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆكی توركیا كه‌وت، به‌ڵام ئه‌و دیداره‌ هیچ ده‌ستكه‌وتێكی دیاریكراوی نه‌بوه‌ و پێده‌چێت سه‌رۆك كۆماری توركیا ئاماده‌كاری بكات بۆ كۆنترشۆڵكردنی ناوچه‌كه‌ كه‌ دۆناڵد تره‌مپ سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌ كراوه‌یی بۆی به‌جێهێشت.

پەیوەندیدار