بەرێوەبەری کەشناسی هەرێم رایگەیاند، لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی کۆی گشتی بارانبارینی ئەمساڵ ٩٣.٧ ملیمەتر بووە و کاریگەری ئەم شەپۆلی بارانبارینە بۆ ماوەی دوو رۆژی داهاتوو لاواز دەبێت و پێشبینی دەکرێت لە رۆژی چوارشـەممە شەپۆلێکی دیکەی باران بارین روو لە هەرێم بکات.
ئاسۆ کەمال بەرێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوو هەرێمی کوردستان کەوتە ژێر کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی هەریەکە لە دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور ئەوەش بووە هۆی شەپۆلێکی باران بارین کە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی گرتەوە و لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە کاریگەری ئەو شەپۆلی باران بارینە کەم دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاسمانی زۆرێک لە ناوچەکانی هەرێم هەور یاخود نیمچە هەور دەبێت و بەهۆی بوونی رێژەی شێیەکی زۆر لە هەوادا ئەگەری دروستبوونی تەم لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە و پلەکانی گەرماش نزم دەبنەوە.
باسی لەوەشکرد، سبەی دووشەممە ئاسمانی ناوچەکانی هەرێم هەور یاخود نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما کەمێک بەرزدەبنەوە و بەرزترین پلەی گەرما لە پارێزگای سلێمانی ١٦ پلە دەبێت و نزمترین پلەش ٨ پلەیە.
ئەوەشی ئاشکراکرد، لە ماوەی داهاتوودا بەهۆی نزمە پاڵەپەستۆی گەرمی دەریای سوور برێکی زۆر شێی ئەو دەریایە دەگاتە ناوچەکانی هەرێم و دەورەبەری، بەهۆی ئەمەشەوە پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی دیکەی باران بارین لە هەرێم دەکرێت و ئەگەری هەیە لە رۆژەکانی چوارشەممە و پێجشەممە بارانی بە لێزمە لە ناوچەکانی هەرێم ببارێت، بەڵام دەشکرێت گۆڕان بەسەر بەهێزی و لاوازی بارانبارینەکەدا رووبدات.