ھەسەدە: لە جاران توندتر وەڵامی ھێرشەکانی تورکیا دەدەینەوە

تۆپبارانەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان بەردەوامن و ھەسەدەش ھەڕەشەی توندترین وەڵامدانەوە بەرامبەر ھێرشەکانی تورکیا دەکات.

ئاژانسی ھاوار نیوز بڵاوی کردەوە، سوپای تورکیا ژمارەیەک گوندی لە تەلتەمر و کۆبانێ و دێرک بۆردومان کرد، ئەوە لە کاتێکدایە ھێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا حەوت رۆژە بەردەوامن.

ھاوکات رۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی بڵاوی کردەوە، لە نزیکترین کاتدا سوپای تورکیا ھێرشی زەمینی دەکاتە سەر باکووری سوریا.

لە بەرامبەردا فەرھاد شامی وتەبێژی ھێزەکانی سوریای دیموکرات-ھەسەدە،رایگەیاند، بە توندتر لە رابردوو وەڵامی ھێرشەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان دەدەنەوە و سوود لە ئەزموونی سەربازیی رابردوویان بۆ وەڵامدانەوەی ھێرشەکانی تورکیا وەردەگرن، ھەروەھا داواشی لە سوپای سوریا کرد، وەڵامی ھێرشەکانی تورکیا بداتەوە.

مەزڵوم کۆبانێ: شەڕی ئەمجارە جیاواز دەبێت و تەواوی سنوری تورکیا و سوریا دەگرێتەوە

هاوكات مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھەسەدە ئامادەیی بۆ بەرپەرچدانەوەی لەشکرکێشی تورکیا دووپاتکردەوە و رایگەیاند، شەڕی ئەمجارە لە شەڕەکانی رابردوو جیاواز تر دەبێت و تەواوی سنوری تورکیا و سوریا دەگرێتەوە.

مەزڵوم کۆبانێ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کە بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس ئەنجامیدا ئاماژەی بە دوا پەرەسەندنەکانی رۆژئاوای کوردستان کرد و رایگەیاند، لەدوای تێکشاندنی داعش لە کۆبانێ، رەجەب تەیب ئەردۆغان دژایەتی کۆبانێ دەکات و ئامادەکاری دەکات بۆ ھێرشکردنە سەر کۆبانێ و مەنبەج و تەلڕەفعەت، بەڵام ھێزەکانی سوریای دیموکرات و دانیشتوانی ئەو ناوچانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تورکیا ئامادەن و شەڕی ئەمجارە جیاواز دەبێت لە شەڕەکانی رابردوو لە بەرئەوەی تەواوی سنوری تورکیا و سوریا دەگرێتەوە.
وتیشی، ئیدارەی واشنتۆن لە رێگەی برێت ماکگۆرگەوە بە رەسمی ئاگاداریان کردووەتەوە کە دژی ھێرشی تورکیایە و لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ئەنقەرە بۆ راگرتنی ھێرشەکان، کۆبانێ ھەڵوێستی ئەمریکا و روسیای بە باش ناوبرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد ھەڵوێستی بەھێزتری لە دژی تورکیا ھەبێت.
فەرماندەی گشتی ھەسەدە جارێکی تر رەتیکردەوە پەیوەندییان بە تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵەوە ھەبێت و داوایکرد لیژنەیەکی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لە راستییەکان بکات. ئاشکراشیکرد، لە ھێرشەکانی ئەمدواییەی تورکیا ١٦ شەڕڤان و ١٤ مەدەنی گیانیان لە دەستداوە و ٤٥ شوێنیش لە ژێرخانی ئابوری ناوچەکە کراوەتە ئامانج.

پەیوەندیدار