بانكی رافیدەین و رەشید لقەكانیان لە هەرێم دەكەنەوە

ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەردوو بانكی بانكی رەشید و رافیدەین لقیان لە هەرێمی كوردستان دەكەنەوە.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشكرایكرد، لەماوەی رابردو بەچەند نووسراوێک داوایان لە بانکی ناوەندی و بانكی رافیدەین و وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کردوە بۆ دەربڕینی رەزامەندی بۆ كردنەوەی لقەکانی بانکی رافیدەین و رەشید لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشكراشیكرد: بانکی ناوەندی رەزامەندی سەرەتایی دەربڕیوە بۆ کردنەوەی لقەکانی ئەو بانکانە لە شارەکانی هەرێمی كوردستان.”
جەختی كردەوە: ” لە رابردوودا بەهۆی كێشە دارایی و سیاسییەكانی نێوان هەرێم و بەغداوە، لقی بانكەكانی رەشید و رافیدەین لە هەرێمی كوردستان نەكراونەتەوە، بەڵام ئێمە لە هەوڵەكانمان بەردەوامین بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو گرفتە و كردنەوەی لقی ئەو دوو بانكە لە پارێزگاکانی هەرێمی كوردستاندا.”
لقەکانی بانکی رافیدین و رەشید لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991هاوشێوەی سەرجەم دامەزراوەکانی حکوومەتی ناوەند لە هەرێمی كوردستان کشانەوە و لە دوای ئەو كاتەوە هیچ چالاكییەكیان نەبووە.
بانكی رافیدەین و رەشید چەندین قەرز و پێشینەی جیاواز دەدەنە هاووڵاتیان و خانەشینان و فەرمانبەرانی پارێزگاكانی عێراق، بەڵام پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی لێ بێبەش كراوە.

پەیوەندیدار