وریا غەفووری، یاریزانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە هەفتەی رابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرابوو، ئەمڕۆ سێشەممە بە کەفالەت ئازادکرا.
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 29-11-2022 میدیا فەرمییەکانی حکومەتی ئێران لە لایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئەو وڵاتەوە، هەواڵی ئازادکردنی وریا غەفوورییان راگەیاند و دەڵێن، ئەو یاریزانەی تۆپی پێ، دوای رادەستکردنی دۆسییەکەی بە دادگەی تاران و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی، بە بڕیاری دادگە و بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.
ئاژانسی میزان کە سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانە باسی لە بڕی بارمتەکە نەکردووە و دەڵێت، بە بڕیاری داواکاریی گشتیی دادگەی تاران، بارمتەی گونجاوی لێسەندراوە و ئازاد کراوە.
وریا غەفووری تەمەن 35 ساڵان یاریزانی ناسراوی تۆپی پێی خەڵکی شاری سنەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە بەردەوام بەهۆی هەڵوێستەکانی بە بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە هێرشی کراوەتەسەر.
وریا غەفووری یەکێک لە باشترین یاریزانانی تۆپی پێی ئێرانە لە هێڵی بەرگریدا، بەڵام بۆ مۆندیالی 2018ـەوە بانگهێشت نەکرا. ساڵی رابردووش بەهۆی هەڵوێستەکانی لە یانەی ئیستقلالی تاران دوورخرایەوە. زۆر کەس پێیانوایە، بانگنەکردنی ئەوەندەی بڕیارێکی سیاسییە، ئەوەندە پەیوەندی بە ئاستی وەرزشی یاریزانەکەوە نییە.
لە خۆپێشاندانەکانی سێ مانگی رابردووی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، هەڵوێستەکانی وریا غەفووری بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئێران تووندتر بوونەوە، بە تایبەت لەسەر کوشتنی ژمارەیەک لە گەنجان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بەردەوام هەڵوێستی تووندی نیشانداوە.
رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو لە کاتی راهێنان لەگەڵ یانەی فوولادی خوزستان لە ئەهواز، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و تۆمەتی بێڕێزیکردن بە هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران و بانگەشە دژی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی خرایە پاڵ. لە دوایین هەڵوێستیدا، وریا لە ستۆرییەکی ئینستاگرامدا نووسیبووی “بێشەرەف”. هەفتەی رابردووش نووسیبووی “کوشتنی کورد رابگرن”.
دەستبەسەرکردنی وریا غەفووری کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە ناسراوەکانی وەرزش و کولتووری ئێران داوای دەستبەجێ ئازادکردنیان کرد.