محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە به‌سه‌ردانێكی فه‌رمی به‌ره‌و تارانی پایته‌ختی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌ڕێكه‌وت.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیران، محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، به‌سه‌ردانێكی فه‌رمی بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران به‌غدای پایته‌ختی به‌ره‌و تاران به‌جێهێشت.
پێشتریش له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه، ناسر كه‌نعانی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ڕایگه‌یاندبو، “سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رۆژی سێشه‌ممه بۆ تاران له چوارچێوه‌ی به‌رده‌وامیی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی هه‌ردو وڵات‌دا ده‌بێت و لیژنه باڵاكانی سه‌ر هه‌ردولا له ئاستێكی به‌رز كۆده‌بنه‌وه”.
سه‌باره‌ت به بڕیاری عێراق بۆ جێگیركردنی هێزی پاسه‌وانی سنور له‌سه‌ر سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئێران، ناسڕ كه‌نعانی ڕونیكرده‌وه، “له سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بۆ ئێران باس له پرسه سیاسی و ئابوری و بازرگانییه‌كان ده‌كرێت، هه‌روه‌ها كۆبونه‌وه‌ی ڕاوێژكاری باڵای لایه‌نه ئه‌منییه په‌یوه‌ندیداره‌كان له هه‌ردو وڵات له تاران و به‌غدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، پرسی بڵاوه‌پێكردنی هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوریش پێشتر باسكراوه و ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر كراوه، حكومه‌تی ناوه‌ندیش به‌رپرسیاره له ده‌سته‌به‌ركردنی سنوره هاوبه‌شه‌كان، ده‌بێت به‌رپرسیارێتییه یاساییه‌كانی خۆی جێبه‌جێبكات”.