بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنی توركیا؛ ڕووسیا هێزی سەربازی بۆ باكووری سووریا دەنێرێت

ڕوسیا هێزی سەربازی ناردۆتە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی هێزە كوردییەكان و سوپای سوریا لە پارێزگای حەلەب لە باكووری سوریا. ئەمەش لەكاتێكدایە كە توركیا هەڕەشەی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی دەكات.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، بڵاویكردەوە ئەو هێزانەی روسیا ڕەوانەی ئەو ناوچانە كراون كە پێش 10 رۆژ فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا لە مەنبج و كۆبانێ‌ هەسەدەیان كردە ئامانج.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، رەنگە ئامانجی ئەم بەهێزكردنانە ڕاگرتن یان دواخستنی ئۆپەراسیۆنی چاەڕوانكراوی توركیا بێت بۆسەر باكوری سوریا.
پێشتر هەسەدە داوای لە روسیا كردبو هێرشەكانی توركیا بۆ سەر باكوری سوریا رابگرێت

هاوكات پێنتاگۆن دەڵێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ خولوسی ئاکار، هاوتا تورکییەکەی کردووە و “دژایەتیی تووندی” خۆی بەرامبەر ئەنجامدانی هێرشی زەوینی لە لایەن ئەنقەرەوە بۆ سەر سووریا پێ راگەیاندووە.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا – پێنتاگۆن لە راگەیێندراوێکدا گوتی، “وەزیر لۆید ئۆستن داوای هێورکردنەوەی بارودۆخەکەی کردوە، هەروەها دژایەتیی تووندی وەزارەتی بەرگریی بەرامبەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نوێی تورکیا لە سووریا دەربڕی.”

پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئۆستن لەگەڵ ئاکار تەنیا رۆژێک دوای ئەوە هات کە سکرتێری رۆژنامەڤانیی پێنتاگۆن گوتی، لەشکرکێشیی نوێی تورکیا بۆ سەر سووریا “زیانی سەخت دەگەیێنێت” بەو دەستکەوتانەی لە دژی داعش بەدەستهاتوون، کە هەسەدە لە بەدیهێنانیان رۆڵێکی سەرەکی بینی.

رۆژی سێشەممەش مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کە بە مەزڵووم کۆبانێش ناسراوە، ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی خۆ ئامادەکردنیان بۆ ئەگەری هێرشی تورکیا، ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی داعش وەستاندووە.

تورکیا لە 20ـی تشرینی دووەمەوە دەستی بە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و تۆپباران کرد بۆ سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان، کە بە گوێرەی هەسەدە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی 59 کەس کە 16ـان سڤیل بوون. هەروەها 19 شەڕڤان و ئەندامانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گیانیان لەدەستداوە.

جگە لەوەش، 24 سەربازی سوپای حکومەتی سووریا بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە کوژراون.

هێرشەکانی تورکیا دوای تەقینەوەکەی 13ـی تشرینی دووەمی ئیستەنبووڵ هاتن کە تێیدا شەش کەس کوژران و ئەنقەرە پەنجەی تۆمەتی بۆ پەکەکە و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ـی پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدە کرد، بەڵام هەسەدە نەک هەر تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بەڵکو راشیگەیاند، بەڵگەیان هەیە ئەنجامدەرانی تەقینەوەکە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی تورکیاوە رۆشتوون.

هەفتەی رابردوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا نیازی خۆی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی نوێی زەوینیی بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دووپاتکردەوە. ئەردۆغان دەڵێت، بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان مۆڵەت لە کەس وەرناگرن بۆ ئۆپەراسیۆنەکانیان.

لە ساڵی 2016ـەوە، تورکیا ژمارەیەک لەشكرکێشیی کردووەتە سەر رۆژئاوای کوردستان و ژمارەیەک ناوچەی داگیرکردووە.

پەیوەندیدار