دادگای باڵاى عێراق: هاوسەرگیریی دووەم نابێتە پاساوی یاسایی بۆئەوەی هاوژینی یەکەم جیاببێتەوە

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق مادەیەكی یاسای هەمواری باری كەسێتی لە هەرێمی كوردستان هەڵوەشاندەوە كە بەوەش هاوژینی دووەم نابێتە پاساوی یاسایی بۆ جیابوونەوەی هاوژینی یەكەم.

رۆژی 30ـی تشرینی دووەمی 2022 دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی مادەی 18ی یاسای هەمواری جێبەجێكردنی یاسای باری كەسێتی و بە “نادەستووری” زانیوە. لەو مادە هەمواركراوەدا هاتووە: “ئەگەر مێرد ژنێكی دیكەی هێنا، ژنی یەكەمی مافی جیابوونەوەی دەبێ.”

بەگوێرەی دەقی بڕیارەكە، ئەو تانەیە لەلایەن دادگای باری كەسێتی هەڵەبجەوە پێشكێشی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق كراوە.

بەگوێرەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق ئەو هەموارەی مادەی یاساكە لە پەرلەمانی كوردستان، پێچەوانەی دەستووری عێراقە كە تێیدا ئایینی ئیسلام بنەمای سەرەكییە، لە بڕیارەكەدا هاتووە: “هیچ مەزهەبێكی ئایینی ئیسلام پاڵپشتی ئەو مادە هەمواركراوە ناكات.”

وریا سەعدی، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان رايگەياند، كە بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی رەتناكرێتەوە و چاوەڕوان دەكرێت دادگاكانی هەرێمی كوردستان لەمەدواد جێبەجێی بكەن، گوتیشی، “بەگوێرەی ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵیی عێراق، لەمەودوا پێكهێنانی ژیانی هاوژینی بۆ جاری دووەم نابێتە هۆكارێك لە دادگەكان بۆ جیابوونەوە لەلایەن هاوژینی یەكەمەوە.”

بەگوێرەی بڕگەی پێنجی ماددەی 40ـی یاسای باری كەسێتیی عێراقی كە لە پارێزگاكانی دیكەی عێراق كاری پێدەكرێت، ئەگەر پیاوێك بەبێ رەزامەندی دادگە هاوژینی دووەم بهێنێت، هاوژینی یەكەم بۆی نییە سكاڵای یاسایی پێشكێش بكات، بەڵام پەرلەمانی كوردستان یاساكەی هەمواركردووەتەوە و ئەو بڕگەیەی لاداوە.

پەیوەندیدار