فەرەنسا بۆ توركیا: هێرشی زەمینی بۆ سەر سوریا یارمەتی هەڵاتنی داعش دەدات

وەزارەتی بەرگریی فەرەنسا رایگەیاند، پاریس “نیگەرانیی قووڵ”ـی خۆی بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان بە ئەنقەرە گەیاندووە و هۆشداریی پێداوە کە ئەو هێرشانە “هەڕەشەن” بۆ سەر ئەو بەرەوپێشچوونەی لە شەڕی دژی داعشدا بەدیهاتووە.

بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، سێباستیان لوکۆرنۆ، وەزیری بەرگریی فەرەنسا پەیوەندیی بە خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیاوە کردووە و پێی گوتووە، ئەنجامدانی لەشکرکێشی بۆ سەر سووریا “هانی هەڵاتنی داعشەکان دەدات.”

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، وەزیری بەرگریی فەرەنسا داوای لە هاوتا تورکییەکەی کردووە، هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر شەڕڤانان بوەستێنێت، چونکە ئەم هێرشانە “دەبنە هۆی زیادبوونی گرژییەکان کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە و ئەو بەرەوپێشچوونەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا دژی داعش بەدەستیهێناوە.”

سێباستیان لوکۆرنۆ هۆشداری بە خولوسی ئاکار داوە بەوەی کە “هێرشکردنە سەر سووریا هەڕەشە لە سەلامەتیی ئەندامانی هاوپەیمانی دەکات کە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا” واتە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر “کاردەکەن و هانی هەڵاتنی چەکدارانی داعش دەدات.”

ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان وەزیرانی بەرگریی فەرەنسا و تورکیا رۆژی سێشەممە 29ـی تشرینی دووەم ئەنجامدراوە و رۆژی چوارشەممە 30ـی تشرینی دووەم وەزارەتی بەرگریی فەرەنسا ئاشکرایکردووە.

ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی سێشەممە، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، ئەنجامدانی هێرشی زەوینی لە لایەن تورکیاوە، دەکرێت دەستکەوتەکانی شەڕی دژی داعش لە سووریا “بخاتە مەترسییەوە.”

تورکیا لە 20ـی تشرینی دووەمەوە دەستی بە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و تۆپباران کرد بۆ سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان، کە بە گوێرەی هەسەدە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی 59 کەس کە 16ـان سڤیل بوون. هەروەها 19 شەڕڤان و ئەندامانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گیانیان لەدەستداوە.

جگە لەوەش، 24 سەربازی سوپای حکومەتی سووریا بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە کوژراون.

هێرشەکانی تورکیا دوای تەقینەوەکەی 13ـی تشرینی دووەمی ئیستەنبووڵ هاتن کە تێیدا شەش کەس کوژران و ئەنقەرە پەنجەی تۆمەتی بۆ پەکەکە و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ـی پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدە کرد، بەڵام هەسەدە نەک هەر تۆمەتەکەی رەتکردەوە، بەڵکو راشیگەیاند، بەڵگەیان هەیە ئەنجامدەرانی تەقینەوەکە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی تورکیاوە رۆشتوون.

هەفتەی رابردوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا نیازی خۆی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی نوێی زەوینیی بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دووپاتکردەوە. ئەردۆغان دەڵێت، بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان مۆڵەت لە کەس وەرناگرن بۆ ئۆپەراسیۆنەکانیان.

لە ساڵی 2016ـەوە، تورکیا ژمارەیەک لەشكرکێشیی کردووەتە سەر رۆژئاوای کوردستان و ژمارەیەک ناوچەی داگیرکردووە.

پەیوەندیدار