ئێران پێداچونەوە بە یاسای باڵاپۆشی دەكات

پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری ئێران پێداچوونەوە بە یاسای پۆشینی لەچک لەو وڵاتەدا دەکەن و لە رۆژی چوارشممەی رابردووش لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمانی ئێران بۆ ئەو پرسە کۆبوونەتەوە و داواکاری گشتیش دەڵێت، “لە ماوەی دوو هەفتەی دیکە ئەنجامەکان دەخەنەڕوو.”

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری لە ئێران پێداچوونەوە بە یاسای پۆشینی لەچک لەو وڵاتەدا دەکەن، هەمان ئەو یاسایەی خۆپیشاندانەکانی ئێستای بەهۆوە هەڵگیرسا و بۆ ماوەی دوو مانگە بەردەوامی هەیە.

بەپێی راگەیەندراوی محەمەد مونتەزەری داوکاری گشتی ئێران، پەرلەمان و دەستەی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر پێداچوونەوە بە یاساکەدا کاردەکەن و وتیشی، “یاساکە پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە.”

ئاماژەی بەوەشدا، لە ماوەی هەفتەیەک یان دوو هەفتەی دیکە ئەنجامەکانی هەموارکردنەوەی یاسای پۆشینی لەچک لەو وڵاتەدا دەخرێنەڕوو.

جێگای ئاماژەیە، داواکاری گشتی ئێران وردەکاری زیاتری لەسەر رێکاری هەموارکردنەوەی یاسای پۆشینی لەچک لەو وڵاتەدا نەخستەڕوو.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکانی ئاژانسێکی هەوالی ئێرانی، دەستەی راسپێردراوی پێداچوونەوە لە لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی ئێران لە رۆژی چوارشممە کۆبوونەتەوە لەسەر پرسی پێداچوونەوە بە یاساکەدا.

چاودێرانی سیاسیش باس لەوەدەکەن، دەسەڵاتدارانی ئێران کەوتوونەتە جووڵە بۆ ئاسایکردنەوەی ئەو دۆخانەی بەهۆی خۆپیشاندانەکانی دژ بە کوشتنی ژینا ئەمینی بەرپا بووە.

هاوکات ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران، کە سەر بە باڵی پارێزگارانە لە مانگی تەمموزی رابردوو ئاماژەی بەوەدابوو، دەبێت یاسای باڵاپۆشی وەک خۆی جێبەجێبکرێت، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنی ئاشکرای کرد کە وا دەکرێت یاساکە بە شێوەیەکی نەرمتر جێبەجێ بکرێت و وتیشی، “دەکرێت جێبەجێکردنی دەستوور میانڕەوتر بێت.”

ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، لە مانگی ئەیلولی رابردوو ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ بە تۆمەتی جلوبەرگی نایاسایی لەلایەن پۆلیسی ئاکاری ئێرانەوە دەستگیر کراو و لە بنکەی پۆلیس گیانی لە دەستدا و لەئەنجامدا خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری زۆربەی پارێزگا و ناوچەکانی ئێرانی گرتەوە و تا ئێستا بەپێی ئامارە نافەرمییەکان نزیکەی 500 کەس کوژراون.

لە مانگی نیسانی ساڵی 1983 واتە چوار ساڵ لە دوای شۆڕشی ئیسلامی و رووخانی سیستەمی فەرمانڕەوایی شای ئێران، یاسای حیجاب و پۆشینی لەچک لە وڵاتەکەدا بووە زۆرەملێ.

پەیوەندیدار